ئەردۆغان رەخنە لە سەرۆکی نوێی جەهەپە دەگرێت بەهۆی سڵاو ناردنی بۆ دەمیرتاش

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە، 5-11-2023 لە پارێزگای ریزە پێشکێشیکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی نوێی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە کرد و رەخنەی لێگرت بەوەی سڵاوی بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش ناردووە.
 
لەکاتێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاژێر 02:30 لە گەڕی دووەمی دەنگدانی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەدا ئۆزگور ئۆزەل، بە سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبژێردرا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەمان رۆژدا رەخنەی تووندی لێگرت بەوەی لە گوتاری کۆنگرەدا سڵاوی بۆ دەمیرتاش ناردووە. 
 
ئەردۆغان بۆ کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی شارەوانی لە پارێزگای ریزە بوو و گوتاری پێشکێشکرد و سەبارەت بە کۆنگرەکەی جەهەپە گوتی: "لە هەڵبژاردنەکەی رابردوودا گەلەکەمان وانەیەکی باشی بەوانە دا کە بە هەڵچنینی هیوا لەسەر رێکخراوە تیرۆرستییەکان و سڵاوکردن لە هێزی ئەمپریالیست، خەونی وەرگرتنی دەسەڵات دەبینن".
 
بۆچی ئەردۆغان رەخنەی لە جەهەپە گرت؟
 
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا هەردوو بەربژێری پۆستی سەرۆکایەتیی جەهەپە؛ کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل لە گوتارەکانیاندا سڵاویان بۆ ژمارەیەک لە کەسایەتییە زیندانیکراوەکان نارد کە دەمیرتاش یەکێک بوو لەو کەسانە. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی: "دوێنێ پارتی ئۆپۆزیسیۆنی دایک کۆنگرەی هەبوو. بای بای، کەمال بە کێی گوت بای بای؟ بە سەردەستەی تیرۆرستان دەمیرتاشی گوت کە لە ئەدیرنەیە. بە کاڤاڵاشی گوت بای بای. ئەی باشە ئەو زاتەی کۆنگرەکەی بردەوە سڵاوی لە کێ کرد؟ ئەویش سڵاوی لە سەلاحەدین دەمیرتاش و کاڤاڵا کرد. یەکێکیان بگرە و لە ئەوەی دیکەیان بدە! ئەمانە هیچ جیاوازییەکیان هەیە؟ نەخێر".
 
ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە جەهەپە پشتیوانیی لە پەکەکە کردووە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردن بیباتەوە، بەڵام شکستی هێنا. هەروەها رووی دەمی لە رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد و داوای لێکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکان کە بڕیارە 31-3-2024 بەڕێوەبچێت، تەواوی توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بیبەنەوە. 
 
لە کۆنگرەدا سەرۆکی گشتیی پارتەکە گۆڕدرا
 
دوای 13 ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی پارتەکەی، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دۆڕا و ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێرا. دەنگدان بۆ سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە گەڕی یەکەمدا یەکلانەبووەوە و کەوتە گەڕی دووەم، کاژێر 02:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-11-2023) کۆتاییهات و ئەنجام راگەیێندرا. بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە؛ ئۆزگور ئۆزەل 812 دەنگ و کەمال کڵچدار ئۆغڵو 536 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش سەردەمی دەسەڵاتی کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی ئەو پارتە، کۆتاییهات.
 
ئۆزگور ئۆزەل کێیە؟
 
ساڵی 1974 لە مانیسا لەدایکبووە
ساڵی 1997 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەرمانسازی لە مانیسا بەدەستهێناوە 
ساڵی 2009 بە سەرۆکی شارەوانیی مانیسا هەڵبژێردرا 
پێنج خولە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپەیە 
چوار خول جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوو
لە 38ـەمین کۆنگرەدا بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا 
باوکی کچێکە بەناوی ئیپەک
زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت