وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی لە دژی پەکەکە راگەیاند

05-11-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان بەناوی "قارەمانەکان" لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان دەستپێکردووە و دەشڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا سەربازێکیان کوژراوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2023 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە راگەیاند.
 
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەناوی "قارەمانەکان" بەرەبەیانی رۆژی 4ی مانگ لە ناوچە شاخاوییەکانی و دوورەدەستەکانی شرنەخ، جۆلەمێرگ، وان، بەدلیس، چەولیگ، دێرسم، ئەرزەڕۆم و قەرس لە باکووری کوردستان دەستیپێکردووە و 18500 جەندرمە بەشدارییان تێدا کردووە. بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 21 جبەخانە، حەشارگە، ئەشکەوت و تونێلی گەریلاکانیان خاپوور کردووە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیادا هاتووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر هاوەنێکی 8 میلـلیم، 8 کڵاشنکۆڤ، 4 بیکەیسی، 3 تفەنگی ئێم یەک، 30 نارنجۆک، 26 ئاڕپیجی، 28 گولـلە ئاڕپیجی، 6 کیلۆگرام تی ئێن تی، سێ مین، 9838 فیشەک، 35 بوتڵی غاز، 5 بێتەل، بڕێکی زۆر خۆراکی ئامادە و ژمارەیەکی زۆر جلوبەرگی زستانەدا گیرا.
 
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2023 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کوژرانی سەربازێکی بەناوی سەمەد بێکتاش بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە کاتی ئۆپەراسیۆنی "قارەمانەکان" بڵاوکردەوە.
 
رۆژی 28ی نیسانی 2023 ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کوژرانی پێنج سەربازی تورکیای لە پێکدادانێکیان لە دژی هێزەکانی جەندرمە لە بەرزاییەکانی نزیک لە شارۆچکی نسێبین سەر بە پارێزگای مێردین بڵاوکردەوە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش کوژرانی سێ سەربازی راگەیاندبوو.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوخۆ کە لە 2017ـەوە لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، 174 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دەستبەسەر 619 حەشارگە و ئەشکەوت و جبەخانە گیراوە. لە بەرامبەردا 22 سەرباز کوژراون. هەپەگە-ش لەم ئۆپەراسیۆنانەدا کوژرانی 47 سەرباز و گیانلەدەستدانی 41 گەریلای راگەیاندووە. 
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو، لەم قۆناخە بەدواوە و لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا حەوت زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن، ئابڵوقە و قارەمانەکان" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە