مووچەخۆرانی تورکیا ئاگادارکرانەوە؛ چەند ژمارەنهێنییەک لە ATMــەکان قەدەخەکران

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا هۆشداریی بە مووچەخۆرانی دا لەوەی ژمارە نهێنییە ئاسانەکان بگۆڕن و ژمارەیەک دابنێن، کە بە ئاسانی هاک نەکرێت.

دامەزراوەی رێکخستن و بانکیی تورکیا (BDDK) ئاماژەی بە زیادبوونی شکاندنی ژمارەی نهێنیی کارتی بانکی کرد و بڕیارێکی دەرکرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێنراوی دامەزراوەکە، لە تورکیادا ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران سکاڵایان تۆمارکردووە و دەڵێن، پارەکانیان لە رێی هاک و شکاندنی ژمارە نهێنیی کارتی بانکییەوە لێ دزراوە. 
 
دوای بەدواداچوون، دەرکەوتووە بەشێکی زۆر لە مووچەخۆران ژمارە نهێنیی ئاسانیان بۆ کارتی بانکییەکانیان داناوە. ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە ئامێرەکانی پارەدان (ATM) فێڵیان لێ بکرێت و بەجۆرێک پارەکانیان لێ بدزرێت.
 
دامەزراوەی رێکخستن و بانکیی تورکیا رۆژی شەممە 5-10-2024 رایگەیاند "لە رۆژی دووشەممە، 7-10-2024ــەوە ئەو ژمارەنهێنییانە قەدەخە دەکرێن کە ئاسانن و زۆر بەکاردەهێندرێن. بەتایبەتی ژمارەنهێنییەکانی 1923، 1453، 1905 و چەند ژمارەیەکی دیکە رێگەپێدراو نابن".
 
ژمارەی 1923 ساڵی دامەزراندنی کۆماری تورکیایە، 1453 ساڵی فەتحکردنی ئیستەنبووڵ (قوستەنتینییە)یە لەلایەن سوڵتان محەممەد فاتیح و ساڵی 1905یش ساڵی دامەزراندنی یانەی گاڵاتاسارایە.
 
ئەمە جگە لە ژمارە نهێنییە ئاسانەکانی وەکو 1234، 0000، 1111 و چەندینی دیکە.
 
 دامەزراوەی رێکخستن و بانکیی تورکیا هۆشداری بە بەکارهێنەران داوە، تاوەکو رۆژی دووشەممە لەڕێی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانیانەوە، یاخود لە ATM ژمارە نهێنییەکانیان بگۆڕن. 
 
ئەگەر نەشیگۆڕن لە کاژێر 9ی بەیانیدا نامە و ئیمەیڵ بۆ ئەو کەسانە دەنێردرێت، بۆ ئەوەی بە ناچاری ژمارەنهینییەکانیان بگۆڕن. بە پێچەوانەوە ناتوانن هیچ کارێکی باکی رایی بکەن.
 
یەکەمجار ساڵی 1987 سیستمی ATMی بانکی ئیش لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کارا کرا. دواتر بانکەکانی دیکەش لە پارێزگا جیاوازەکانیدا سیستمەکەیان کارا کرد. 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی کە حکومەتی تورکیا رۆژی 27-6-2024 نوێی کردووەتەوە، لە کۆی 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا زیاتر لە 52 هەزار ATM هەن.  
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە