وەزیری ناوخۆی تورکیا: دەستبەسەر دوو تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات و بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکاندا لە 19 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، دەستبەسەر نزیکەی دوو تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا.
ئەمڕۆ شەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە 19 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بۆسەر بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدا.
لە ئەنجامدا دەستبەسەر 1 تۆن و 971 کگم مادەی هۆشبەر و 4 ملیۆن و 389 هەزار بنەڕەگی خەشخاش (بۆ دروستکردنی مادەی هۆشبەر بەکاردێت) و 267 هەزار و 593 دانە حەبی بێهۆشکەری کریستاڵدا گیرا.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 49 کەس دەستگیرکراون کە بازرگانییان بە مادەی هۆشبەرەوە کردووە و بە بڕیاری دادوەر 22 کەسیان بە زیندانیکردن سزادراون، 3 کەسیان بە مەرجی دادی ئازادکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ 24 دەستگیرکراوەکەی دیکەش بەردەوامە.
یەرلیکایا باسی لەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆ لە رۆژانی نێوان 4ـی حوزەیرانی 2023 و 30ـی ئەیلوولی 2024 لە سەرانسەری تورکیادا 62 هەزار و 132 ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەنجام داوە و 42 هەزار و 908 کەس دەستگیرکراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باس لەوەش دەکات، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا دەستبەسەر 163.7 تۆن مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر، 79.5 ملیۆن حەبی بێهۆشکەر و 261.4 ملیۆن دانە بنەڕەکی خەشخاشدا گیراوە.