رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای BYDـی چینی تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل کارگەیەک لە تورکیا دەکاتەوە و قەبارەی وەبەرهێنانەکەی نزیکەی 1 ملیار دۆلار دەبێت. بڕیارە بەم نزیکانە بەردی بناخەی کارگەکە دابنرێت.
محەممەد فاتیح کاجر، وەزیری بازرگانی و تەکنۆلۆژیای تورکیا رایگەیاند، کۆمپانیای BYDـی چینی مامەڵەکانی تایبەت بە مۆڵەتی کارکردن و بەرهەمهێنانی لە تورکیا بەدەستهێنا و لە چەند رۆژێکدا بەردی بناخەی کارگەکە دادەنرێت.
محەممەد فاتیح کاجر باسی لەوەشکرد، کارگەکە لە ناوچەی پیشەسازیی پارێزگای مانیسا دەکرێتەوە؛ گوتیشی، کۆمپانیاکە لەسەر رووبەری 160 هێکتار کارگەکەی دادەمەزرێنێت بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بڕیارە لە نێوەڕاستی ساڵی 2026 یشدا دەست بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل بکرێت.
کۆمپانیاکە رۆژی 8ـی تەممووزی 2024، دوای تەواوبوونی دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا، لە رێوڕەسمێکدا بەرهەمەکانی لە تورکیا ناساند.
رۆژی 4ـی ئەیلوول، بڕیاری لێخۆشبوون لە دوو جۆر باج بۆ 5 ساڵ بۆ کۆمپانیاکە دەرکرا؛ لە قۆناخی دواتردا بۆ 5 ساڵی دیکە بە بڕی 40٪ داشکاندن لە باج بۆ کۆمپانیاکە دەکرێت بەو مەرجەی کارمەندەکانی خەڵکی تورکیا بن و ئۆتۆمبێلەکانیش 10٪ هەرزانتر بۆ هاووڵاتییانی تورکیا بفرۆشێت.
رۆژی 8ـی تەممووز، ستێلا لی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە گوتی، لە قۆناخەکانی یەکەم و دووەمدا هەلی کار بۆ 5 هەزار کەس و دوای دەستپێکردن بە دروستکردنیش هەلی کار بۆ 15 هەزار کەسی دیکە دەڕەخسێنن.
16 کۆمپانیای تایبەت بە دروستکردنی ئۆتۆمبێل 18 کارگەیان لە 9 پارێزگای تورکیادا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ