ڤیدیۆ.. منداڵان لە دیلۆک فێری خۆشویستنی ئاژەڵان دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی خۆشویستن و پاراستنی ئاژەڵان، لە پارێزگای دیلۆک لە رۆژی جیهانیی ئاژەڵاندا قوتابییانی بنەڕەتی ئاشنای ژیانی ژمارەیەک ئاژەڵ کران. 
 
عوسمان تۆپراک، بریکاری سەرۆکی شارەوانیی دیلۆک لەو رێوڕەسمەدا کە چەند نمایشێکی لەگەڵ ئاژەڵان لەخۆگرتبوو، رایگەیاند، "داکۆکیکردن لە مافی ئەو ئاژەڵانەی ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، ئەرکی ئێمەی مرۆڤە. ئازارنەدانی ئاژەڵان، دابینکردنی پێداویستی بۆیان و هەموو جۆرە هاوکارییەکی ئاژەڵان، ئەرکی مرۆییە و هاوکات ئایینیش ئەمەی گوتووە."
 
لەو رۆژە کە 4ـی تشرینی یەکەمە، هەوڵی جیددی دەدرێت بۆ شکاندنی ترسی منداڵان لە ئاژەڵان. جان ناوی مەیموونێکە و ئەرکی ئەوەی پێدراوە خۆشەویستی لەگەڵ منداڵان بەش بکات. 
 
جەلال ئۆزسۆیلەر، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەپارێزانیش دەڵێت، "لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکەماندا نزیکەی 250 خاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵمان هەیە. لەو خاڵانەدا شیر و خواردنی تایبەت بە ئاژەڵان دادەنێین."
 
هەروەها ژمارەیەک خۆبەخش و ئاژەڵدۆستیش لەو رۆژەدا دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ پێدانی خۆراک بە ئاژەڵان و هاوکاریکردنیان. 
 
ساڵانە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەڕێی چالاکیی جۆراوجۆرەوە پەیامەکانیان سەبارەت بە پاراستن و هاوڕێیەتیی مرۆڤ و ئاژەڵ دووپات دەکەنەوە،  هەروەک خۆیان دەڵێن، لەڕێی ئەو چالاکییانە منداڵان لەبری ئازاردانی ئاژەڵان، خۆشیان دەوێن.