فریدەم هاوس: تورکیا لە رووی ئازادی ئینتەرنێتەوە پاشەکشەی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی "راپۆرتی ئازادیی ئینتەرنێت"ـی رێکخراوی فریدەم هاوسی ئەمریکی بۆ ساڵی 2023، تورکیا ماوەی چوار ساڵە لە رووی ئازادی ئینتەرنێتەوە پاشەکشە دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، کە رۆژی چوارشەممە (چواری تشرینی یەکەمی 2023) بڵاوکراوەتەوە، 20 وڵات لە رووی ئازادیی ئینتەرنێتەوە بەرەوپێش چوون و 29 وڵاتیش بە تورکیاشەوە بەرەو دواوە رۆیشتوون.
تورکیا ماوەی چوار ساڵە لە رووی ئازادیی ئینتەرنێتەوە بەرەو دواوە دەڕوات و لە ساڵی 2023ـدا لەسەر 100 خاڵ 30 خاڵی پێدراوە، بەمەش لەم ساڵەدا 15 خاڵی لەدەستداوە و بووەتە خراپترین ساڵی بۆ ئازادیی ئینتەرنێت.
بەپێی راپۆرتەکە، یاسای زانیاریی ناڕاست (شێواندن) کە ساڵی رابردوو لە تورکیا پەسندکرا، کاریگەری خراپی لەسەر ئازادییەکان هەبووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە پرسی گوشار لەسەر میدیای کوردیش کراوە و تێیدا هاتووە، "لە نێو ئەو ماڵپەڕە بلۆککراوانەدا، ماڵپەڕگەلێک هەن رەخنە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دەگرن و هەواڵی کوردی بڵاودەکەنەوە و رەخنە لە حکومەت دەگرن. زۆربەی ئەو سەرچاوە دیجیتاڵییانەی بلۆک دەکرێن، ئەوانەن کە لە حکومەتەوە نزیک نین و تۆمەتبار دەکرێن بە بانگەشەکردن بۆ تیرۆر."
بەپێی ئەو راپۆرتە، لە مانگی شوباتی 2023ـدا 340 ناونیشان و ماڵپەڕی میدیا و بڵاوکەرەوەی ئەدەبی کوردی بلۆککراون و زۆربەی پەخشی میدیایی لە باکووری کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتدایە.
راپۆرتەکە دەڵێت "بەهۆی سانسۆر لەسەر میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان و گوشارەکانی حکومەت بۆ سەر رۆژنامەڤانان، وەرگرتنی زانیاری بە تایبەتی لە شارە کوردییەکان قورستر بووە."