رووداو دیجیتاڵ
لە چالاکیی گردبوونەوەکانی دایکانی شەممەدا لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیا، 18 کەس دەستگیرکران و سەرۆکی رێکخستنەکانی ئەدەنەی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە کە یەکێک لە دەستگیرکراوانە، لە دادپزیشکییەوە قسەی بۆ رووداو کرد.
لە ئەدەنە، رێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا وەک پشتیوانییەک بۆیان، ئەمڕۆ (شەممە 5-8-2023) بەشداریی لە 958ـەمین گردبوونەوەی دایکانی شەممە کرد و لە پارکی ئینۆنو کۆبوونەوە. دوای دەستپێکردنی چالاکییەکە، هێزێکی تایبەت بەناوی هێزی پۆڵایین گەیشتە ئەوێ و گرژی لەنێوان ئەوان و بەشداربووانی چالاکییەکە دروستبوو.
لە خۆپیشاندانەکەدا یەعقووب ئاتاش، سەرۆکی لقی ئەدەنەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا؛ محەممەد کاراکش، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئەدەنە و ژمارەیەک لە ئەندامانی هەدەپە و کۆمەڵەی لقی ئەدەنەی مافی مرۆڤی تورکیا دەستگیرکران. پەیامنێریکیش بە ناوی حەمدوڵڵا کەسەن کە رووماڵی گردبوونەوەکەی دەکرد، دەستگیرکرا.
سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئەدەنە بۆ رووداو: دەستگیرکراوین
محەممەد کاراکش، سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئەدەنە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا لە دادپزیشکین و دەستگیرکراوین. بڕیارە دوای پشکنینی پزیشکی ئازاد بکرێین. ئێمە لەسەر داوای کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ - لقی ئەدەنە بەشدارییمان لە چالاکییەکەدا کرد کە مەبەست لێی، سازکردنی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بوو، بەڵام رایانگەیاند شەوی رابردوو پارێزگای ئەدەنە تەواوی چالاکییەکانی ئەمڕۆ شەممەی قەدەخەکردووە".
سەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە ئەدەنە گوتی، دادگەی دەستووریی تورکیا رەتیدەکاتەوە چالاکییەکانی دایکانی شەممە قەدەخە بن و گوتیشی، "دووجار دادگەی دەستووری قەدەخەی سەر چالاکییەکانی دایکانی شەممەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە قەدەخەیان نازانێت، بەڵام پارێزگا و هێزەکانی ئاسایش پابەندی بڕیارەکەی دادگەی دەستووری نابن. ئێمەش راگەیێندراویکمان ئامادەکرد بۆ ئەوەی بە پارێزگا رابگەیەنین کە پابەندی بڕیارەکە بێت، بەڵام کاتێک ویستمان راگەیێنراوەکە بخوێنینەوە، ئاسایش داوایکرد بڵاوەی لێ بکەین."
"هێزەکانی ئاسایش بە تووندی مامەڵەیان لەگەڵدا کردین"
محەممەد کاراکش باسی لەوە کرد بەشداربووانی چالاکییەکە رەتیان کردووەتەوە بڵاوەی لێ بکەن و لەوێ دانیشتوون، لەبەرامبەر ئەوەدا، ئاسایش بەتووندی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و 18 بۆ 19 کەسیان دەستگیرکردووە کە نزیکەی 8 کەسیان پارێزەرن.
لەوکاتەدا کە هێشتا ریکارەکانی ئاسایش و دادی تەواو نەکردبوو، محەممەد کاراکش بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی دایکانی شەممە. دایکانی شەممە لەلایەن دەوڵەتەوە ستەمیان لێ دەکرێت. ئەو دایکانە بە دوای رۆڵەکانیاندا دەگەڕێن. لە تورکیا تەنانەت گەڕان بە دوای رۆڵەکانیش بووەتە تاوان. ئێمە، تا دوایین سات مافی خۆمان دژی ئەو دژە دیموکراسییە بەکاردەهێنین کە هەیە. کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی و گردبوونەوەکان و چالاکییە هاوشێوەکان، مافی دەستوورین و ئێمە رێگە بە زەوتکردنی ئەو مافانە نادەین."
دایکانی شەممە نزیکەی چوار دەیەیە لە پارێزگا جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چالاکی دەکەن و داوادەکەن چارەنووسی کەسوکاری نادیاریان ئاشکرا بکرێت و بکوژان سزا بدرێن. تەنیا لە ئامەدی باکووری کوردستان 110 کەس بێسەروشوێنن؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار کوژراو هەن کە دیار نییە کێ بکوژیانە. بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 1980ـوە نزیکەی حەوت هەزار کوژراوی بکوژنادیار لە تۆمارەکاندا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ