وەزیری ناوخۆی تورکیا: 855 کەس بەهۆی هێرشکردنە سەر سووریاییەکان دەستگیرکراون

05-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت،  بەهۆی ئەو هێرشانەی 30ـی حوزەیران لە چەند پارێزگایەک کرانە سەر پەنابەرانی سووریایی، 855 کەسیان دەستگیرکردوون. 
 
ئەمرۆ هەینی 5ـی تەممووزی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 4 رۆژی رابردوودا و دوای لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە کردە سەر پەنابەرە سووریاییەکان و روونبوونەوەی ئەوەی کە ئاژاوەگێڕییان بەرامبەر پەنابەران ئەنجامداوە بۆ 855 کەس بەرزبووەوە. 
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 468 کەس دۆسیەی تاوانیان هەبووە و پێشتر بە 50 تاوانی جیاواز تۆمەتبار و داواکراو بوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە بڕیاری دادوەر 13 کەسیان بە بەندکردن سزا دران و 145 کەسیان بە مەرجی دادی ئازاد کران.  
 
شەوی 30ـی حوزەیرانی 2024 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ لەلایەن گەنجێکی سووریاییەوە لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا، خۆپێشاندان دژی پەنابەرانی سووریایی دەستیپێکرد و گەنجێکی سووریایی لە ئەنتالیا بە چەقۆ کوژرا و لە شارەکانی دیکەش 119 کەس برینداربوون. 
 
رووداوەکە کاردانەوەی خێرای لێکەوتەوە و لە 24 کاژێری یەکەمدا 474 کەس دەستگیرکران کە هێرشیان کردبووە سەر سووریاییەکان. رووداوەکە بۆ چەندین شار و شارۆچکەی تورکیا و باکووری کوردستان تەشەنەی سەند. 
 
کاریگەریی گرژییەکان لە ژمارەیەک ناوچەی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا دەستیپێکرد و ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بارەگا و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی فەرماندەیی جەندرمە و سوپای تورکیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە