تورکیا لەبارەی سزادانی یاریزانێکی لەسەر 'سڵاوی گورگ': رەوتی دژە بیانی لە ئەورووپا زۆر بەهێز بووە

05-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا لەبارەی مەریح دەمیراڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا لە ئەنجامی سەرهەڵدانی رەوتێکی دژە بیانیی زۆر بەهێزە لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا. سەرۆکی مەهەپەش داوا دەکات هەڵبژاردەی تورکیا یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا نەکات و لە پاڵەوانێتییەکە بکشێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 5ـی تەممووزی 2024 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "نیگەرانین لە بڕیاری یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا کە مەریح دەمیرەل، یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەمانی بە سڕکردنی لە دوو یاری لە چوارچێوەی پاڵەوانێتیی یۆرۆ 2024 سزادا."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "ئامانج لە رێکخستنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە یەکدی ناسین و لێکنزیککردنەوەی کۆمەڵگە و کولتوورە جیاوازەکان، بەڵام ئەو بڕیارە هاووڵاتییانمانی لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیاش بێ ئومێد کرد." 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، "بڕیارەکە سەلمێنەری ئەوەیە کە لە هەندێک وڵاتی ئەورووپادا رەوتی زۆر بەهێزی دژە بیانییەکان سەریهەڵداوە و کار گەیشتووەتە دژایەتیکردنیان لە هەموو ئاستێک و بۆنەیەکدا". 
 
هەر ئەمڕۆ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس داوای لە هەڵبژاردەی تورکیا کرد لە پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024 بکشێتەوە و رایگەیاند: "بڕیارەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا تەواو رەگەزپەرستانەیە و لە هزرێکی فاشیزمییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمە یەکەم سزایە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا دەیدات کە تەنانەت رێگە بە تانەلێدانیشی نادات".  
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکە و بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردەی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەچێتە ئەڵمانیا و لە یارییەکەی تورکیا بەرامبەر هۆڵەندا ئامادە دەبێت. 
 
دەمیراڵ، یاریزانی پێشووی یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و ئێستای ئەهلی سعودی، لە یارییەکەی تورکیا بەرامبەر نەمسا لە قۆناخی 16ـی یۆرۆدا دوو گۆڵی تۆمارکرد. ئەو یاریزانە بە ئاماژەیەک کە بە (سڵاوی گورگ) ناسراوە، ئاهەنگی گێڕا. ئەو سڵاوە تایبەتە بە "گورگە بۆرەکان" کە گرووپێکی راستڕۆی تووندئاژۆی تورکیان. 
 
دوای یاریەکە نانسی  فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بەکارهێنانی پاڵەوانێتیی ئەورووپا وەک سەکۆیەک بۆ رەگەزپەرستی قبووڵکراو نییە. پێشبینی دەکەین یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات". 
 
دواتر یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا بڵاویکردەوە، "سەبارەت بە یاریی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024 لەنێوان نەمسا و تورکیا کە لە 2ـی تەممووزی 2024 لە شاری لایپزیگی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، بڕیارماندا لێکۆلینەوە لەو تۆمەتانە بکرێت کە دراونەتە پاڵ مەریح دەمیراڵی یاریزانی تورکیا". 
 
یەکێتی تۆپی پێی ئەورووپا لە راگەیێنراوەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو کە "مامەڵەیەکی نەشیاو لەلایەن مەریح دەمیراڵەوە کراوە" و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری سزادانی بە سڕکردنی لە دوو یاری داهاتووی پاڵەوانێتییەکە دا. 
 
تورکیا یاریی داهاتووی بەرامبەر هۆڵەندا دەبێت کە کاژێر 22:00ـی رۆژی شەممە 6ـی تەممووزی 2024 لە بەرلین دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە