زانیاریی کەسیی زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە تورکیا دزەی پێدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەرێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ هۆشداری لە دزەپێکردنی داتا و زانیارییەکانی زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی سووری و هاونیشتمانی رۆژئاوای کوردستان لە تورکیا دەدات و دەڵێت: "هەڕەشەیە لەسەر ژیانیان."
سەنتەری دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باشووری سووریا، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد داتا و زانیارییەکانی سێ ملیۆن و 314 هەزار و 701 کەس لە کەناڵێکی تێلیگرام و وێبسایتێک بڵاوکراوەتەوە کە وردەکاریی پاسپۆرتی سووری (هاووڵاتیانی سووریا و هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان) و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی دیکەی وڵاتانی عەرەبی نیشتەجێی تورکیا، دزەیانپێکراوە، ئەمەش نیگەرانی و مەترسیی لەلای ئەوان دروستکردووە.
بەپێی رێکخراوەکە داتا و زانیارییەکان لە سەنتەری داتاکانی فەرمانگەی کۆچی تورکیایە، زانیاریی هەستیاری لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوون و زانیاریی سووریاییەکان تێدایە، چ ئەوانەی نیشتەجێی ئەو وڵاتەن و ئەوانەشی وڵاتینامەی ئەو وڵاتەیان هەیە. رێکخراوەکە دەڵێت: "مەترسیی هەیە بە پشتبەستن بەو زانیارییانە تووندئاژۆکانی تورکیا هێرش بکەنە سەر ئەو کەسانە."
ئەو زانیارییانەی دزەیان پێکراوە، هەڵگرانی مافی مانەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی سعودی و کوێتیشی تێدایە، رێکخراوەکە پێیوایە تووندئاژۆکانی سەر بە رەوتی نەتەوەپەرستی تورکیا لەپشت دزەپێکردنی ئەو زانیارییانەن و دەڵێت: "دزەپێکردنیان بۆ هێرشکردنی فراوانتر و خێراترە لەسەر سوورییەکان."
مانگی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لێکنزیکبوونەوەی نێوان وڵاتەکەی و سووریا کردبوو، بەهۆیەوە گرژی دروستبوو و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی لێدان و هێرشکردنە سەر ماڵ و موڵکیان لە تورکیا بوونەوە.
سەرەتای ئەم مانگەش گرژییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێوەی لە سووریا درێژبووەوە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران دوای ئەوەی هێرشیانکردە سەر ژمارەیەک خاڵی سەربازی و بارەگای ئەو هێزانە کە بەشێکیان لە ناوچە کوردییەکان بوون لەوانە عەفرین.