لە 6 مانگی ئەم ساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان 205 ژن کوژران

05-07-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پلاتفۆرمی تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین KCDP، راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژیی دژ بە ژنان لە سەرانسەری توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەم ساڵدا، 205 ژن كوژران و 117 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پلاتفۆرمەكە، 86 ژن بەدەست هاوژینەكانیان، 22 ژن بەدەستی خۆشەویستەکانیان، 20 ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، 19 ژن بەدەست باوکیان، 25 ژن بەدەست خزمەکانیان، 11 ژن بەدەستی خۆشەویستە پێشووەکانیان، 9 ژن بەدەست کوڕەکانیان، 8 ژن بەدەست براکانیان و 5 ژن بەدەست کەسانی نەناسراوەوە كوژراون. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 117 ژن لەنێو ماڵەكانیاندا، 46 ژن لە شەقام، 14 ژن لە چۆڵەوانی، 7 ژن لەنێو ئۆتۆمبێل، 6 ژن لە شوێنی کار، 3 ژن لە هۆتێل، و 12 ژن لە شوێنی نادیار كوژراون. 
 
لە شەش مانگی ئەم ساڵدا، 168 ژن لە شارەکانی تورکیا و 37 ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان کە 37 ژن بوون لە ئیستەنبووڵ کوژراون.  
 
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە تورکیا و باکووری کوردستان پار 315، لە ساڵی 2022دا 398، لە ساڵی 2021دا 367 و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون. 
 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە