پەرلەمانی تورکیا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

05-06-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن پەرلەمانی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، دەستنیشانکردنی بریکاری سەرۆک فراکسیۆنەکان و سوێندخواردنی سەرۆککۆمار و دەستبەکاربوونی، ئەمجارە پەرلەمانی تورکیا لە 7ـی حوزەیراندا، کۆدەبێتەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت. 

 

رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، پەرلەمانی تورکیا بەسەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بەڕێوەدەچێت. 

 
هەرچەندە بەشێوەیەکی فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام بەشێک لە ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە نوعمان کورتوڵموش، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
 
بەشێک لە میدیاکانی تورکیاش ناوی بەکر بۆزداغ، وەزیری پێشووی داد دەهێنن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. 
 
دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان دیاری دەکرێن. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی رۆژی 14ـی ئایاری 2023، ئاکپارتی 268 کورسی، جەهەپە 169 کورسی، یەسەپە 61 کورسی، مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا 4 کورسییان بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەکانیش، هاوپەیمانیی جمهوور 323 کورسی، هاوپەیمانیی میللەت 212 کورسی و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی 65 کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تورکیا، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەدەنگدانی نهێنی دەبێت. پێویستە بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان 400 دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەگەر 400 دەنگی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنەکە هەمان رۆژ بۆ گەڕی دووەم دووبارە دەکرێتەوە و لە گەڕی دووەمدا مەرجە 301 دەنگ بەدەست بهێنێت. ئەگەر 301 دەنگیشی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنەکە هەر هەمان رۆژ بۆ گەڕی سێیەم دەچێت و کامە بەربژێر زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە