یەک ملیۆن قوتابیی بیانی لە تورکیا دەخوێنن

05-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن قوتابیی بیانی لە قۆناخی سەرەتاییدا لە سەرانسەری تورکیا دەخوێنن.
 
رۆژی 26ی نیسانی 2024 ئایلین یامان و دەنیز دەمیر، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی جەهەپە لە بازنەی ئەنقەرە، پرسیاریان لەبارەی ژمارەی قوتابییانی بیانی لە تورکیا ئاراستەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردە کرد. رۆژی شەممە، 4ی ئایاری 2024، وەزیرەکە بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی دانەوە.
 
بەگوێرەی وەڵامەکە، یەک ملیۆن و شەش هەزار قوتابیی بیانی، کە لە 160 وڵاتەوە هاتوون، لە قۆناخی سەرەتاییدا لە سەرانسەری تورکیادا دەخوێنن. زۆربەیان هەڵگری رەگەزنامەکانی سووریا، عێراق، ئێران، رووسیا، ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، کازاخستان و میسرن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی خوێندنی 2023 - 2024دا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا 19 ملیۆن و 904 هەزار و 679 قوتابی هەن. 15 ملیۆن و 887 هەزار و 296 قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەخوێنن؛ یەک ملیۆن و 670 هەزار و 729 قوتابی لە قوتابخانە تایبەت و ئەهلییەکاندا دەخوێنن؛ دوو ملیۆن و 346 هەزار و 654 قوتابی بە پارالێل و ئۆنلاین دەخوێنن.
 
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، دوو ملیۆن و 55 هەزار و 350 قوتابی لە قۆناخی پێش سەرەتایی، پێنج ملیۆن و 535 هەزار و 531 قوتابی لە قۆناخی سەرەتایی، پێنج ملیۆن و 524 هەزار و 117 قوتابی لە قۆناخی ناوەندی، شەش ملیۆن و 789 هەزار و 681 قوتابی لە قۆناخی دواناوەندی دەخوێنن.
 
هەروەها لە تورکیا و باکووری کوردستان یەک ملیۆن و 154 هەزار و 383 مامۆستا هەن. 974 هەزار و 488یان هەمیشەیین و 179 هەزار و 895 مامۆستاش گرێبەستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە