رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ریزە ـی هەرێمی دەریای رەش ـی تورکیا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا پێنج کەس برینداربوون، کە دووانیان بووک و زاوا بوون.
رووداوەکە ئێوارەی شەممە، (4ـی ئایاری 2024) روویدا، ئۆتۆمبێلی بووک و زاوایەک لەسەر رێگەی سەرەکیی نزیک گوندی موفتو لە شارۆچکەی گونەیسوو سەر بە پارێزگای ریزە کەوتە نێو دۆڵێکەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ریزە، هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەکە و لە کۆنترۆڵ دەرچوونی گەڕاندەوە، کە بەهۆیەوە کەوتە نێو دۆڵەکە. ئۆتۆمبێلەکە لەنێو دۆڵەکەدا خۆی بە بەردێکی گەورە کێشا کە رێگریکرد لە کەوتنەخوارەوەی زیاتری بۆ نێو قووڵایی دۆڵەکەوە.
دوای رووداوەکە، سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی شارەکە. دۆخی تەندروستیی بووک و زاوا جێگیرە، بەڵام ئاهەنگەکەیان دواخرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی 2023 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان، 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویدا؛ بەهۆیانەوە دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستدا و 354 هەزار و 323 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ