لە ئەرزەڕۆم بەهۆی سووکایەتی بە نووسینی کوردی چوار مامۆستا دووردەخرێنەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو چوار مامۆستایەی وێنەیان لەگەڵ تابلۆی (بەخێربێن)ـی زمانی کوردی لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بڵاوکربووەوە و سووکایەتییان بە نووسینەکە کردبوو، لە کارەکانیان دوورخرانەوە. 
 
موخلیس چیچەک، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ئەرزەڕۆم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی و دادی لەگەڵ ئەو چوار مامۆستایە بەردەوامە، تاوەکو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، ئەو مامۆستایانە لە کارەکانیان دوورخرانەوە.   
 
وێنەکە لە دەروازەی شارۆچکەی گۆگسی کە (کارایازی) ناوە تورکییەکەیەتی، گیراوە. مامۆستاکانیش لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەکە وانە دەڵێنەوە. ئەو مامۆستایانە هەڵسوکەوتی ناشرینیان لە ژێر تابلۆکە کردووە، ئەو تابلۆیە بە زمانی تورکی و کوردی لەسەری نووسراوە بەخێربێن. چوار مامۆستاکە وێنەکانیان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە، لە دیوەکەی دیکەی تابلۆکە بە زمانی تورکیا نووسراوە بەخێربێت، بەڵام مەبەستەکەی ئێمە بەشەکەی دیکەیە. 
 
ئەو وێنەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بارۆی رووها و ئەرزەڕۆم داوای یاساییان لە دژی چوار مامۆستاکە تۆمارکرد. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، چالاکڤان و پارێزەرانی کورد کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتەی چوار مامۆستاکە نیشاندا. لە تویتەکانیاندا وەزارەتی پەروەردەی تورکیایان تاگکرد و داوای لێپرسینەوەیان کرد. هەروەها زیاترین گلەیی لەو رەهەندەوە ئاراستەی ئەو چوار مامۆستایە دەکرێت کە ئەوان هەم ژنن و هەمیش مامۆستان، ئەرکیان پەروەردەکردنی منداڵانی ئەو شارۆچکەیەی باکووری کوردستانە، نەک بڵاوکردنەوەی نەژادپەرستی.