پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 10 ملیۆن كه‌س لە تورکیا بۆ پشووی جه‌ژن گەشت بکەن

05-04-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پشووی جەژنی رەمەزان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستیپێکرد و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی جەژن گەشت بکەن. 
 
سبەی شەممە 6ـی نیسانی 2024، پشووی نۆ رۆژەی جەژنی رەمەزان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستپێدەکات. تورکیا رۆژی 10ـی نیسانی وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکردووە. ئەمڕۆ هەینی، دوای کۆتاییهاتنی دەوام، هاووڵاتییان لە تورکیا و هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان، بۆ بەسەربردنی پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزان رێگەی گەشتیان گرتەبەر و بەهۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە رێگەکاندا دروست بوو. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەم ساڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن بە رێگەی وشکانی و بە سوودوەرگرتن لە ئۆتۆمبێل گەشت بکەن. 
 
به‌گوێره‌ی ئامارە فەرمییەکان، پار لە پشووی جەژنی نەورۆزدا زیاتر لە حه‌وت ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی پاسه گەشتیارییە‌كان، دوو ملیۆن كه‌س له‌ رێگه‌ی ئۆتۆمبێله‌ تایبه‌تییه‌كانیان و یەک ملیۆن كه‌سیش به‌ رێگەی ئاسمانی گه‌شتیان کرد. 
 
پار وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بۆ رۆژانی جەژنی نەورۆز 210 هەزار و 352 کارمەندی پۆلیس، جەندرمە، پۆلیسی هاتووچۆ، ئاسایش و ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانی ئەرکدار کرد. هێزە ئەمنییەکان بەسەر 114 هەزار و 960 تیم دابەشکرابوون و رۆژانە 9 هەزار و 580 تیم بە 17 هەزار و 529 کارمەندەوە لە ئەرکدا بوون. 
 
بڕیارە سبەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پلانی ئەمنی و سەلامەتی رێگەوبانەکان رابگەیێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە