سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا: بەشداربوونمان بە لیستی جیا زیان بە هەدەپە ناگەیێنێت

05-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی گشتیی پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) رەتیکردەوە پلانی هەڵبژاردنیان لە دژی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان بێت کە لەگەڵ هەدەپە پێکیانهێناوە.
 
لە پرۆگرامێکی تایبەتدا شەوی رابردوو 4-4-2023، ئەرکان باش، سەرۆکی گشتیی پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی دایەوە کە بەهۆی بەشداریکردنی پارتەکەی بە لیستی جیا، دروستبووە. ئەرکان باش رەتیکردەوە پارتی کرێکاری تورکیا بە بەشداریکردنی لە لیستێکی جیادا زیان بە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی و هەدەپەییەکان بگەیێنێت.
 
ئەرکان باش گوتی: "دەسەڵات ماوەیەکی دوورودرێژە و بەتایبەتیش لەم 7 بۆ 8 ساڵەی دواییدا سیاسەتی بە شەیتان نیشاندانی هەدەپە پەیڕەو دەکات و هەدەپە بە تەنیا جێدەهێڵێت. بەڵام پارتەکەی ئێمە وەکو پارتی کریکاری تورکیا، هەمیشە لەگەڵ هەدەپە بووین و رێگەمان نەداوە تەنیا بێت. لە هەموو دۆخێکیشدا پشتیوان بووین." 
 
ئەرکان باش لەبارەی ئەو رەخنانەی لە لایەن خەڵک و بەرپرسانی هەدەپەوە ئاراستەی دەکرێن گوتی:"ئەم شێوازە باوە کە دەگوترێت با لە 81 پارێزگا بە یەک لیست دابەزین و زۆرترین پەرلەمانتار دەبەینەوە. ئەمە لە دەرەوە و بە روواڵەت بە کارێکی دروست دەبینرێت.  بەڵام ئێمە دەڵێین وەرن با شتێکی دیکە بکەین. با دانە بە دانەی 81 پارێزگاکە بخەینە سەر مێزی دیالۆگ. سێ جۆر کاتەگۆری هەیە؛ یەکیکیان ئەو پارێزگایانەی پارتی چەپی سەوز واتا هەدەپە زۆر تێیدا بەهێزە. نزیکەی 20 پارێزگا کە دەکرێ بە هێزەوە رکابەریی هاوپەیمانیی جمهوور بکەین. ئەو پارێزگایانەی پێشتر هەدەپە تێیاندا یەکەم بووە و زۆرینە کوردن. لەو پارێزگایانەدا پارتی کرێکاری تورکیا بە جەماوەرەکەی دەڵێ دەنگ بە یەسەپە بدەن".
 
سەرۆکی پارتی کرێکاری هەروەها باسی لە کاتەگۆریی دووەم کرد کە ئەو پارێزگایانەن پێشتر یەک پەرلەمانتاری لێ بەدەستهێناوە یانیش بە جیاوازییەکی کەم کورسیی لێ دۆڕاندووە. ئەرکان باش دەڵێت، لەو پارێزگایانەشدا هەموو بەیەکەوە ئەو جیاوازییە کەمە پڕدەکەنەوە. نموونەی بە بورسە و کۆجائەلی دا. 
 
سەرۆکی گشتیی پارتی کرێکاری تورکیا رایگەیاند، مەبەستی ئەوان لە لیستی جیا تەنیا ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە کە ناوچەی پیشەسازیی گەورەیان لێیە و ژمارەی کرێکاران و رەنجدەرانیان تێدا بەرزە. 
 
بەشێک لە دەنگدەران باس لە دەرچوونی پارتی کرێکاری تورکیا لە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان دەکەن، ئەرکان باش ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "بە هیچ شێوەیەک دەرچوونمان لە هاوپەیمانی تەنانەت نەبووەتە رۆژەڤیش. ئێمە لەگەڵ هەدەپە لە سەرەتاوە لەگەڵ هاوپەیمانی و دروستکردنی هێزێکی سیاسی بووە." 
 
ئەرکان باش هەروەها دڵنیایی بە جەماوەرەکەی دا لەوەی بەم لیستە جیایە لە چەند پارێزگایەکدا و پشتیوانیکردنی هاوپەیمانییەکەیان لە چەند پارێزگایەک، ژمارەی دەنگەکانیان زیاتر دەبێت. 
 
ئەگەرچی پارتی کرێکاری تورکیا ئەم هەنگاوەی خۆی بە ئەرینی دەبینێت و پێیوایە تەکنیکێکی بیرکاریانەی باشە، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی جەماوەر و بەرپرسانی هەدەپەش بووەتەوە. 
 
گولتان کشاناک کە ماوەی نزیکەی 7 ساڵە لە گرتووخانەیە رۆژی دووشەممە 3-4-2023 رایگەیاند، ئەگەر بە لیستی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن، نابێتە هاوپەیمانی و لە ئایندەشدا 'خۆزگەکان' ناتوانن ئەنجام بگۆڕن. 
 
پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) رۆژی 7-11-2017 بە سەرۆکایەتیی ئەرکان باش کە ئێستا سەرۆکی گشتییە، راگەیێنرا. لە پەرلەمانی تورکیادا 4 کورسیی هەیە. ئەو پارتە رۆژی 25-8-2022 بەشداریی لە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان کرد کە هەدەپە سەرۆکایەتیی دەکات.  
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە