لە ئیستەنبووڵ ژنێک هێرش دەکاتە سەر خولێکی قورئانخوێندن

05-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ئەو ژنەی هێرشیکردووەتە سەر خولێکی قورئانخوێندن
ئەو ژنەی هێرشیکردووەتە سەر خولێکی قورئانخوێندن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هێرشی ژنێک بۆ سەر خولێکی قورئان خوێندن لە ئیستەنبووڵ و شکاندنی جامی شوێنی خولەکە و جنێودان، بووەتە رۆژەڤی تورکیا.
 
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4-4-2023 لە ناوچەی کادیکۆی ئیستەنبووڵ روویدا. ژنەکە کە ناوی بە (ئـ. ب) بڵاوکراوەتەوە، سەرەتا لە شوێنی خولی قورئانخوێندنی راسم پاشا نزیک دەبێتەوە کە سەر بە موفتیی ئیستەنبووڵە و حکومییە. سەرەتا جنێو دەدات، دواتریش بە شەق دەکێشێ بە پەنجەرەی بیناکە و دەیشکێنێت. 
 
ئەو ژنە لەوکاتەدا دەڵێ: "ئێوە چ کارێکتان هەیە لێرە؟ کێ داڵدەتان دەدا؟ ئێوە ئاژەڵتان خۆشناوێت". دواتریش جنێوی دا و بە دەست ئاماژەی "بەدڕەوشتی" نیشانی مامۆستا و قوتابییانی خولەکە دا. بەڕێوەبەرانی خولەکە سکاڵایان لە دژی ئەو ژنە تۆمارکرد.
 
چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کادیکۆی شوێنی ئەو ژنەی دەستنیشانکرد و دەستگیری کرد. بەگوێرەی راپۆرتی ئاسایش؛ ژنەکە تەمەنی 34 ساڵە و سێ تۆمەتی هاوشێوەی لەسەرە.
 
ئەو ژنە بە تیمەکانی ئاسایشی گوتووە، "لە پەنجەرەی شوێنی خولەکەوە سێ کوڕ بانگیان کردووە و داوایان لێکردووە شەو بڕواتە شوێنی خولەکە." لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە