سڕی سورەیا ئۆندەر دەبێتە بەربژێری یەسەپە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی چەپی سەوز - یەسەپە، پەرلەمانتاری پێشووتری هەدەپەی لە ئیستەنبووڵ بۆ پۆستی پەرلەمانتاری بەربژێرکرد.
پارتە سیاسییەکان بەردەوامن لە بەربژێرکردنی کەسایەتییەکان و رۆژی سێشەممە 4-4-2023 پارتی چەپی سەوز - یەسەپە بەربژێرکردنی سڕی سورەیا ئوندەری لە یەکێک لە بازنەکانی ئیستەنبووڵ یەکلایی کردەوە.
لیژنەیەکی تایبەت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کەسانە دەکات کە گونجاون بۆ بەربژێربوون. یەکێک لەو ناوانەی یەکلایی بووەتەوە سڕی سورەیا ئۆندەرە کە پەرلەمانتاری پێشووی بەدەپە و هەدەپە بووە.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڕیاریداوە لەسەر لۆگۆ و دروشمی یەسەپە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات. بەگوێرەی ئامارەکان داواکاری بۆ بەربژێربوون لە یەسەپە زۆرە. ساڵی 2018 لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەزار و 400 کەس داواکارییان بۆ بەربژێربوون لەسەر لیستی هەدەپە پێشکێشکردبوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی 14ی ئایاری ئەمساڵ تا ئێستا 2 هەزار و 783 داواکاریی بەربژێربوون ئاراستەی یەسەپە کراون.
رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
سڕی سورەیان ئۆندەر
- 1962 لە سەمسوور لەدایکبووە
- دەرچووی ئامادەییە
- سینەماکار و گۆشەنووس بووە
- لە کۆلیژەکاندا وانەی سینەمای پێشکێشکردووە
- خولی 24ی پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتاری بەدەپە بوو
- خولی 25ی پەرلەمانی تورکیا پەرلەمانتاری هەدەپە بوو
- رۆڵی لە پرۆسەی چارەسەریدا هەبوو و لە دیدارەکاندا بەشداربوو