رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی پەیام و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دەم پارتی بڕیاری دا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی سەردانی پارت و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی تورکیا بکات. یەکەم سەردانیان بۆ لای جەهەپە دەبێت.
رۆژی 2ـی ئاداری 2025 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی سەبارەت بە پەیام و بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. رایانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان رادەگەیێنن.
رۆژی چوارشەممە 5ـی ئاداری 2025، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەرنامەی کاری داهاتووی پارتەکەیان بۆ دەستپێکردنی قۆناخی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان راگەیاند. جەختیان لەوەکردەوە، سەردانی لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی تورکیا دەکەنەوە، دانووستاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکەن.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی رایانگەیاند، جەهەپە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیان دەبێت. کاژێر 13:00ـی رۆژی 10ـی ئادار سەردانی جەهەپە دەکەن و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاشکرایان کرد، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات.
شاندی دەم پارتی تائێستا سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند. رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە، پەیامێکی بە شاندی دەم پارتی دا ناردە دەرەوەی زیندان، ئەوانیش لە 27ی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا داوای کردبوو، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. پەکەکەش رایگەیاند پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ