رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە ساڵڤەگەڕی یەکەمی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتە کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند.
ئەم وێنانە گۆڕستانی سەمسووری باکووری کوردستانن؛ لە بوومەلەرزەکەدا تەنیا لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان شەش هەزار و 378 کەس گیانیان لەدەستدا. زۆربەی قوربانییانیش لەو گۆڕستانەکە بەخاکسپێردراون و لەسەر هەر کێلێک ژمارەیەک و ناوێک نووسراوە.
هاونیشتمانییان رۆژێک پێش یادی کارەساتە سروشتییەکە، سەردانی گۆڕی ئازیزانیان دەکەن و گۆڕەکانیان بە چەپکەگوڵ و تاجەگوڵینە دەخەمڵێنن. لێرە، هەر کێلێک چیڕۆکێکی نەگێڕدراوەی لەپشتەوەیەتی؛ بووکەڵەیەکی پەڕۆک بەسەر کێلی منداڵێکەوە، جلی بووکێنی بەسەر کێلی تازە بووکێکەوە و وێنەی چەند منداڵێک بەسەر کێلی جگەرگۆشی جەرگسووتاوێکەوە هەڵواسراون، چیرۆکی ناخهەژێنی ژێر داروپەردووی بوومەلەرزەکە دەگێڕنەوە.
کاژێر 04:17 خوولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، روویدا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.
بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیانی بە 351 هەزار و 426 باڵەخانە گەیاند، کە 18 هەزار و 200 باڵەخانە بە تەواوی رووخان، کە 3 هەزار و 554ـیان لە سەمسوور بوون.
بوومەلەرزەکە کاریگەریی گەورەیشی لەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو.