وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیستەنبووڵە

05-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئیستەنبووڵ و بڕیارە سبەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە. 
 
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمشەو 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە ئیستەنبووڵ و سبەی یەکەم وێستگەی دیدارەکانی لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکیاییەکەی دەبێت و بڕیارە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەم وڵاتەش کۆببێتەوە. 
 
رۆژی 3ـی مانگ، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ میدیاکاران و رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەیدا باسی لەوە کرد، رۆژی 6ـی مانگ لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆدەبێتەوە و گوتی، "بلینکن گەشتێک بۆ ناوچەکە دەکات، ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی کارەکانی روونەدات، رۆژی شەممە لە ئەنقەرە میوانم دەبێت". 
 
فیدان، لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گوتی، "پشتیوانی بێ مەرجی ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، گرفتی سەرەکین" و جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی پێویستی نەداوە بۆ راگرتنی هێرشەکان. باسی لەوەشکرد کە رۆژی 6ـی مانگ ئەم بابەتە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی گفتوگۆ دەکات. 
 
رۆژی 4ـی مانگ، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەمەبەستی گفتوگۆکردنی چەند پرسێکی هەستیار، ئەنتۆنی بلینکن، گەشتێکی یەک هەفتەیی بۆ هەریەک لە تورکیا، یۆنان، ئوردن، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، ئیسرائیل، کەرتی رۆژئاوای فەلەستین و میسر دەکات. 
 
میلەر باسی لەوەشکرد، جەنگی غەززە، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتەکە و ئازادکردنی بارمتە و گیراوەکانی هەردوولایەن لە پرسە هەرە گرنگەکانی گەشتەکەی دەبێت بۆ ناوچەکە.
 
رۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، لە بەغداوە گەیشتە ئەنقەرە و لەبارەی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینی و ئیسرائیل، بۆ پرسی ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی، چاوی بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کەوت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە