لە ئیزمیر 186 کۆچبەر دەستگیرکران

05-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە، دەستگیرکردنی 186 کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی هەردوو شارۆچکەی فۆچا و چەشمە لە پارێزگای ئیزمیر راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 5ـی کانوونی دووەمی 2024، تیمەکانی جەندرمە ژمارەیەک بەلەمێکی لاستیکی لە سنوورە ئاوییەکانی هەردوو شارۆچکەی فۆچا و چەشمە لە پارێزگای ئیزمیر بەدیکردووە کە 186 کۆچبەری نایاسایی لەخۆ گرتبوو.
 
کۆچبەرەکان لە دەریای ئیجەوە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ یۆنان، بەڵام دوای چەند کیلۆمەترێک لە بەڕێکەوتنیان، لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە دەستگیرکران. 
 
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رەگەزنامەی کۆچبەرەکان بکات، باس لەوە دەکات، کۆچبەرەکان دوای پشکنینی تەندروستیی بۆیان، رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پارێزگاکە کران.
 
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی زریانەوە ژێرئاوکەوت، حەوت کۆچبەر رزگارکران و پێنج کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا. 
 
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2022، تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگاربکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن. هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیرکراون. 
 
هەروەها لە ساڵی 2021دا 49 هەزار و 518 کۆچبەر 1617 جار لە دەریای ئیجەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی پەڕینەوەیانداوە. بەهۆیەوە 31 هەزار و 587 کۆچبەر لە خنکان رزگارکراون و دەستگیرکراون، کە 355یان برینداربوون و 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 293 قاچاخچی دەستگیرکران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە