رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن لەسەر رەوشی سووریا و چەند بابەتێکی دیکە قسەیان کرد. ئەردۆغان دەڵێت، "لە تەلڕەفعەت و منبج پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2023 لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردووەتەوە، بۆ پاککردنەوەی "رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە،" بەتایبەتی لە تەلڕەفعەت و منبج، ئیدی پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت."
لەو پەیوەندییەدا سەرۆککۆماری تورکیا گوتووشیەتی، بۆئەوەی ئەنجامێکی کۆنکرێتی لەسەر سووریا بەدەستبهێندرێت، "پێویستە رژێم بنیاتنەر بێت و لە پرۆسەی سیاسیدا هەندێک هەنگاو بنێت."
بەپێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هەردوو سەرۆک جگە لە پرسی سووریا، باسی پەیوەندییەکانی تورکیا - رووسیا، شەڕی رووسیا - ئۆکراینا و چەند بابەتێکی ناوچەییان کردووە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش داوە، ئامانجیان تەواوکردنی نەخشەڕێگەیەک و هەنگاوی کۆنکرێتییە بە ئاراستەی دامەزراندنی ناوەندێکی گازی سرووشتی لە تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ