سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پەیماننامەی لۆزان ماوەیەکی دیاریکراوی 100 ساڵیی نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پەیماننامەی لۆزان رایگەیاند، ئەمە پەیماننامەیەک نییە بڵێی 100 ساڵی بەسەردا تێپەڕی و کۆتاییهات، هاوکات هیچ بڕگەیەکی نهێنیی تێدا نییە.
 
لە کاتێکدا قسە و باسی زۆر لەسەر ماوەی 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان و بوونی بڕگەی نهێنی رۆژەڤی تورکیای داگیرکردووە، مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی چوارشەممە 04-01-2023 وەڵامی میدیای وڵاتەکەیی لەوبارەیەوە دایەوە.
 
لەسەر دەنگۆی بوونی بڕگەیەک یان حوکمێکی نهێنی لە لۆزان کە ئەمە لە تورکیادا قسە و باسی زۆری لەسەرە، شەنتۆپ رایگەیاند، هەر رێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەوتی ئەگەر بڕگە و حوکمی نهێنیی تێدا بێت، ئەوە رێککەوتن نییە.
 
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی پەیماننامەی لۆزان، کە دەگوترێت دوای 100 ساڵ کۆتایی دێت و گۆڕانکاری روودەدات، هەروەها باس لە بوونی چەند بڕگەیەکی نهێنی لەنێوان وڵاتەکاندا دەکرێت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، سەرەتا گوێی لەو باسە بووە وایزانیوە بۆ گاڵتە و گەپ ئەمانە دەگوترێن. هەروەها جەختیکردەوە، کەسانێک بە مەبەستی گوتنی شتێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش بابەتی وەها دەوروژێنن و مەبەستیان ئەوەیە بکەونە رۆژەڤ.
 
پەیماننامەی لۆزان لە 24ی تەممووزی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرا. لەو پەیماننامەیەدا سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیاریکرا و پێداچوونەوە بە پەیمانی سیڤەر-دا کرا، کە مافی چارەنووسی بۆ کورد دەستەبەر کردبوو. ویلایەتی موسڵ لە تورکیا دابڕێندرا و هیچ مافێک بۆ کورد دەستنیشان نەکرا.
 
دەگوترێت پەیماننامەکە دوای 100 ساڵ بەسەردەچێت و تورکیا چەندین ساڵە ئامادەکاری دەکات تاوەکو بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پرۆژەی میساقی میلـلیدا بە خاکی دەوڵەتی عوسمانی دیاریکراون، بەتایبەتییش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان.