رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئەنقەرە دەستگیرکرنی چوار کەسی بە 20 هەزار دۆلاری ساختەوە راگەیاند. هاوکات باس لە دزەپێکردنی ملیۆنان دۆلاری ساختە بۆ تورکیا دەکرێت.
لەکاتێکدا رۆژانە هەواڵی دۆلاری ساختە بڵاودەبێتەوە و سکاڵای خەڵک لەوبارەوە لە تورکیا بەردەوامە، حکومەت رۆژی 3-12-2024 دەستی بە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی دۆلاری ساختە کرد.
رۆژی سێشەممە، داواکاری گشتیی ئەنقەرە دەستگیرکردنی چوار کەسی بە 20 هەزار دۆلاری ساختەوە راگەیاند. ئەمە لەکاتێکدایە باس لە دزەپێکردنی ملیۆنان دۆلاری ساختە بۆ ئەو وڵاتە دەکرێت.
رۆژانە دۆلاری ساختە لە بازاڕەکانی تورکیا مامەڵەی پێوەدەکرێت و ساختەکارییەکەی ئەمجارە تۆکمەیە و ئامێری پارەژماردنیش نایناسێتەوە.
بەشێک لە میدیای تورکیا دەڵێن: "سەرچاوەی ئەو دۆلارە ساختەیە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیایە" کە مەبەستیان باکووری کوردستانە.
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا بەرپەرچی ئەو دەنگۆیەی دایەوە و گوتی: "دەنگۆی ئەوەی گوایە یەکەمین لێشاوی دۆلاری ساختە لە سنووری باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتمانەوە هاتووە، هەوڵێکی نهێنییە بۆ ئەوەی تارمایی بخەنە سەر ئەم دۆخە ئەرێنییەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە رۆژەڤی وڵاتەکەماندا دروستبووە. لەکاتێکدا تەنانەت مرۆڤی ساختەش هەیە، حەپەسان بە دیار دۆلاری ساختەوە، جێی باوەڕپێکردن نییە".
دوو هەفتەیە دۆلاری ساختە لە بازاڕەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بووەتە رۆژەڤ. پسپۆڕانی بازاڕی دراو باس لەوە دەکەن کە ئەم ساختەکارییەی ئەمجارە زۆر جیاوازە و ئەو دۆلارە ساختەیە تەنانەت لە ئامێرەکانی ژماردنی دراویش بێ کێشە دەردەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ