رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند شەوی رابردوو 130 ھاووڵاتیی تورکیا لە غەززە دەرچوون و گەیشتوونەتە میسر.
لە راگەیێندراوێکدا ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەردەوامن لە گواستنەوەی هاووڵاتییانی تورکیا لە غەززەوە بۆ میسر.
هاووڵاتیانی تورکیا لەڕێی دەروازەی رەفەحەوە دەگواسترێنەوە بۆ میسر و دواتریش لەڕێی فڕۆکەوە دەگەینێندرێنەوە تورکیا.
ئۆنجو کەچەلی ئاشکرای کرد، لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 130 ھاووڵاتی تورکیا گەیشتوونەتە میسر.
بە گوتەی کەچەلی چاوەڕێ دەکرێت، ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو ھاووڵاتییانەی تورکیا بگەنەوە وڵاتەکەیان. ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ دووشەممە 142 هاووڵاتیی دیکەی تورکیا لەڕێی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵەوە گەیشتوونەتەوە وڵاتەکە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 39یەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی هەمیشەیی ئابووری و بازرگانیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، کە لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند دوو لەسەر سێی "شەهیدان"ـی غەززە ژن و منداڵن و ژمارەی بێسەروشوێنبووانیش گەیشتووەتە شەش هەزار و 500 کەس. هەروەها رەخنەی لە بێدەنگیی بەشێک لە وڵاتان گرت و گوتی، "ئەوانەی بەرامبەر مەرگی خەڵکی بێتاوان بێدەنگن و تەنانەت بە بیانووی حەماس رەوایەتی بە هێرشەکان دەدەن، ئیدی یەک وشەیان بۆ مرۆڤایەتی پێنەماوە."
لەسەر بنەمای دەنگدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "لە لایەکەوە 212 وڵات هەن کە دەڵێن (جەنگ بوەستێت و چیدی خوێن نەڕژێت) و لە لایەکی دیکەوە سێ چوار وڵات هەن گڵۆپی سەوزیان هەڵکردووە."
رۆژی یەکشەممە، 3-12-2023، تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی ئیسرائیل ژمارەی گیانلەدەستدان لەو ناوچەیەی فەلەستین گەیشتووەتە 15 هەزار و 503 کەس؛ ژمارەی بریندارانیش 41 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت، 6 هەزار و 150 منداڵ و زیاتر لە چوار هەزار ژن لەنێو کوژراوەکاندان. تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دەستپێکی جەنگەکەوە 198 کارمەندی تەندروستی، 112 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، 73 میدیاکار و 15 کارمەندی بەرگریی شارستانی کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە 398 سەربازی لەم جەنگەدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ