27 کۆچبەری نایاسایی لە تورکیا دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای کرکڵارئەلی، 27 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کران کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
 
رۆژی دووشەممە 04-11-2024 فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی تورکیا بڵاویکردەوە، تیمەکانیان بە مەبەستی "رێگریکردن لە قاچاخچێتی بە کۆچبەران" لە چوار ناوچەی سنووری شارۆچکەی کۆفچاز لە پارێزگای کرکڵارئەلی چەند ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا.
 
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا 27 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کران، کەسێکیش بە تۆمەتی "قاچاخیکردن بە کۆچبەران" دەستبەسەر کرا.
 
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان رادەستی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی شارۆچکەی پەهلیڤانکۆی لە پارێزگاکە کران.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.