جەهەپە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت

رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پارتی گەلی کۆماریی تورکیا - جەهەپە 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە سازدەکات. کەمال کڵچدارئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل کێبڕکێی یەکدی دەکەن بۆ بوون بە سەرۆکی پارتەکە. کۆنگرەکە سبەی ئێوارە کۆتایی دێت.
کۆنگرەکەی جەهەپە کاژێر 10:00ـی بەیانی بە بەشداریی هەزار و 368 ئەندام لەژێر ناونیشانی "کۆنگرەی دیموکراسی و یەکگرتوویی لە دووەم سەدساڵەی تورکیادا" دەستپێدەکات.
چاوەڕوان دەکرێت لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی ئەو پارتە سیاسییەی تورکیادا کە تەمەنی 100 ساڵە، سەرۆکی جەهەپە و ئەنجوومەنی پارتەکە کە لە 60 ئەندام پێکدێن، هەڵبژێردرێن. هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو کە 13 ساڵە سەرۆکی ئەو پارتەیە لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپەیە لە پەرلەمانی تورکیا، بەربژێرن بۆ بوون بە سەرۆکی ئەو پارتە سیاسییەی تورکیا.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی جەهەپەیە و سەرۆکایەتیی بەرەی ناڕازی و گۆڕانکاری لەنێو جەهەپە دژی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەکات، سەرۆکی دیوانی کۆنگرەیە.
تاوەکو ئێستا 55 سەرۆکی لقی رێکخستنی شارەکان و 64 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە پشتیوانی خۆیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو دەربڕیوە. لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرە لە بازنەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ریزە، ترابزۆن و 39 پەرلەمانتار پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆزگور ئۆزەل دەربڕیوە.
لە زۆربەی کۆنفرانسی رێکخستنی شارەکانی سەر بە جەهەپەدا کێشە لەنێوان لایەنگرانی کڵچدارئۆغڵو و ئۆزەل دروستبوو و شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە کەسانی نزیک لە ئۆزگور ئۆزەل دەرچوون. زۆربەی سەرۆک رێکخستنی شارەکانیش کەسانی نزیکی کڵچدارئۆغڵون.
جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 37 کۆنگرەی ئاسایی و 19 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.