وەزیری دەرەوەی تورکیا: دامەزراوەکانی پەکەکە و یەپەگە لە عێراق و سووریا ئامانجی رەوامانن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا "هەڕەشە" لە پەکەکە و یەپەگە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، لەمەودوا تەواوی دامەزراوەکانیان بە دامەزراوەکانی وزەشەوە ئامانجی رەوایان دەبن. 
 
گوتەکانی هاکان فیدان، ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیدا بوون لەگەڵ تەحسین ئەرتوغڕوڵئۆغڵو وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، کە لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە رێکخرابوو. 
 
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دوایین زانیارییەکانی هێرشە خۆکوژییەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا کە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم کرا، هاکان فیدان رایگەیاند "لە ئەنجامی بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانمان دەرکەوت؛ هەردوو تیرۆریستەکە لە سووریا هاتوون و هەر لەوێش مەشقیان کردووە."
 
هاکان فیدان، گوتیشی، ''لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و یەپەگە بەتایبەتی لە عێراق و سووریا ئامانجی رەوای هێزە ئەمنییەکان، سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانمان دەبن."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداریی دا بە لایەنەکانی دیکە و رایگەیاند، "هۆشداری بە لایەنی سێیەم دەدەین، خۆیان لە دامەزراوەکانی تیرۆریستان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت. وەڵامی سوپا زۆر روون و ئاشکرا دەبێت. تیرۆریستان جارێکی دیکە بەم کردەوە تیرۆریستییەی کردوویانە، پەشیمان دەبنەوە."
 
کاژێر 9:30 خولەکی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، هێرشکرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا. 
 
دوای هێرشەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئۆباڵی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن هێرشەکەیان کردووە.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە ناوچەکانی مەتین، خواکورک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا 20 پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی دیارینەکردووە.
 
ماوەی دوو رۆژە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە و چەند کەسێکیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکردووە.