سەربازێکی تورکیا لەکاتی پاککردنەوەی چەک گولـلەیەک لەدەستی دەردەچێت و گیان لەدەستدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەربازێكی سوپای تورکیا دوای برینداربوونی لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
شەوی رابردوو سەربازێکی سوپای تورکیا بەناوی یاوز گونەی کە تەمەنی 28 ساڵە، لە شارۆچکەی فارقین لەکاتی خاوێنکردنەوەی چەکەکەیدا بە گولـلەیەک بریندار بوو.
 
تیمی تەندروستی چووە شوێنەکە و سەربازە بریندارەکە گەیێندرایە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە شاری ئامەد.
 
پزیشکەکان هەوڵی زۆریان دا ئەو سەربازە رزگار بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە پرسە و سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "یاوز گونەی رۆژی سێشەممە 3ی ئەیلوول لە رووداوێکدا بە چەک بریندار بوو، سەرباری هەوڵی پزیشکانی نەخۆشخانە، نەتوانرا رزگار بکرێت."