میدیای فەرمیی تورکیا: میت فەرماندەیەکی یەبەشەی لە شنگال کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیاریی سەرچاوە ئەمنییە باڵاکانی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی میت، بەرپرسێکی باڵای یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشەیان لە شنگال کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی میدیای فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەدرخان ئابێ ناسراو بە داراڤ گەڤدایان کردووەتە ئامانج. وەک میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، بەدرخان ئابێ یەکێک بووە لە فەرماندە سەربازییەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشە و لە دەرەوەی شنگالیش کراوەتە ئامانج.
وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، بەدرخان ئابێ بەردەوام چاودێری کراوە و لە ئۆپەراسیۆنێکی هەستیار و خێرادا لەلایەن تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانەوە لەگەڵ چەند گەریلایەکی دیکە کراوەتە ئامانج.
وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، بەدرخان ئابێ لەدایکبووی شرناخی باکووری کوردستان بووە و لە ساڵی 2011 پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و ساڵی 2014ش چووەتە قەندیل و رۆڵ و بەرپرسیارێتی جیاوازی هەبووە.
میدیای تورکیا دەڵێت، بەدرخان ئابێ لە چەندین ئۆپەراسیۆن دژی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەشداربووە و لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی یەبەشەش وەک فەرماندەیەکی باڵا لە شنگال دەستبەکاربووە.