رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بەرهەمی نەوتی رۆژانەی گابار گەیشتووەتە زیاتر لە 43 هەزار و 380 بەرمیل نەوت.
لەدوای کۆبوونەوەی حکومەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە چەند تەوەرێکی تایبەت بە رۆژەڤی وڵاتەکەی کرد.
ئەردۆغان باسی لە بواری وزەی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "بە بەرزکردنەوەی بەرهەمی رۆژانە لە گابار بۆ سەروو 43 هەزار و 380 بەرمیل، ژمارەی پێوانەیی مێژووی کۆماری تورکیامان شکاند."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە کۆتایی ئەم ساڵدا بەرهەمی رۆژانەی گابار بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرز بکەنەوە.
ئەردۆغان باسی لە واژۆکردنی رێککەوتننامە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی جیهان لە بواری وزە و کانزاکان کرد و عێراق، ئێران، جەزائیر، ژاپۆن، ڤەنزوێللا، ئەمریکا، ئازەربایجان، جۆرجیا و چینی بە نموونە هێنایەوە.
ئاڵپارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا رۆژی 01-01-2024 کاتێک سەردانی پارێزگای شرنەخی کرد، گوتی، "لە پارێزگای شرنەخ گەورەترین پرۆسەی دۆزینەوەی نەوتمان لە مێژووی کۆماری تورکیادا جێبەجێ کردووە."
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات تورکیا رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی شرنەخ، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن.
هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوت هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ