گوتەبێژی هوداپار بۆ رووداو: دەستوورێکمان بۆ تورکیا دەوێت مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هوداپار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارتەکەی خوازیاری دەستوورێکە بۆ تورکیا کە مافی تورک، کورد، سوننە، عەلەوی و تەواوی چین و تویژەکانی دیکەی تێدا پارێزراو بێت.
نزیکەی مانگێکە نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بکات و بابەتی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێیان لەگەڵ تاوتوێ بکات.
کورتولموش کە پێشووتر سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و دەم پارتی و چەند پارتێکی دیکەی کردبوو، رۆژی سێشەممە لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی هوداپار کۆبووەوە.
گوتەبێژی هوداپار: لەگەڵ گۆڕینی دەستوورداین
سەرکان رامانلی، گوتەبێژ و پەرلەمانتاری هوداپار، رۆژی سێشەممە میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی تایبەت بە باکووری کوردستان و تورکیای تۆڕی میدیایی رووداو بوو، وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی هەوڵەکانی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری نوێی دایەوە.
سەرکان رامانلی گوتی: "تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەیانەوێت دەستوورێکی نوێ بنووسرێتەوە. دەستووری ئێستا لەلایەن کودەتاچییەکانەوە نووسراوە. ئەو کاتە کودەتاچییەکان خەڵکیان ناچار کرد پڕۆژەکەیان پەسند بکەن. ئێستاش هەمووان داوا دەکەن بگۆڕدرێت. ئێمەش هەمان داواکاریمان هەیە. دەبێت دەستوور لەلایەن کەسانی سڤیل و پەرلەمانتارانەوە بنووسرێتەوە. سوپا و کودەتاچییەکان مافی ئەوەیان نییە دەستوور بسەپێنن".
رامانلی نەبوونی ئاشتەوایی سەرتاسەریی تورکیای بۆ ئەو دەستوورە گەڕاندەوە کە هەیە.
سەرکان رامانلی بە پێویستی زانی پارتە سیاسییەکان دابنیشن و باس لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان بکەن و دواتر بڕۆنە سەر وردەکارییەکان؛ هەروەها گوتی: "سەرەتا دەبێت بزانین ئامانج لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ چییە؟ دەبێت بزانین ئایا ئێمە دەتوانین کار بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بکەین یان نا. لەنێو ئەم وڵاتەدا کورد دەژین؛ تورک دەژین؛ سوننە و عەلەویش هەن؛ عەرەب و پێکهاتەی دیکەش هەن. پێویستە دەستوورێکی گشتگیری وەها بنووسرێتەوە کە هەمووان بڵێن "ئەم سیستمە بە دڵی منە و خۆمی تێدا دەبینمەوە".
لەبارەی ویستی پارتەکانی پەرلەمانی تورکیا، رامانلی باسی لەوە کرد کە پارتەکان هاوڕان کە دەبێت گۆڕانکاری لە دەستوور بکرێت، بەڵام کاتێک دێنە سەر وردەکاریی نووسینەوەی دەستوور، هەریەکەیان باس لە شتێکی جیاواز دەکات.
دانانی قەییوم بۆ بەڕێوەبردنی شارەکانی باکووری کوردستان
رووداو پرسیاری لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی جۆلەمێرگ ئاراستەی گوتەبێژی هوداپار کرد.
سەرکان رامانلی گوتی، پارتەکەی لە یەکەمین رۆژی هەڵبژاردندا چی گوتبێت و تێڕوانینی چۆن بووبێت بەرامبەر قەییوم، ئێستاش هەمان بۆچوونی هەیە؛ گوتیشی: "ئەو کەسەی بە دەنگی گەل پۆست وەردەگرێت، نابێت هیچ کەس دەستوەردان لە کارەکانیدا بکات. ئەگەر ئەو کەسە تاوانێکی هەبێت، ئەوە کاری دادگەیە لێکۆڵینەوە بکات و بڕیاری لەسەر بدات".
رامانلی هەروەها گوتی: "ئەگەر ئەو سەرۆک شارەوانییە تۆمەتباریش بێت، حکومەت مافی ئەوەی نییە پارێزگار یان کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دابنێت، بەڵکو دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانییەکە کۆببێتەوە و سەرۆکێکی نوێ دەستنیشان بکات. بۆیە دەڵێین ئەم دانانی قەییومە راست نییە".
دەستووری تورکیا دوو ساڵ دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 نووسرایەوە
هەرچەندە دەستووری ئێستای تورکیا کە ساڵی 1982 نووسراوەتەوە، 12 جار گۆڕانکاریی بەرفراوانی تێدا کراوە، بەڵام پارتە سیاسییەکان دەڵێن، دەستوورێکە لە ئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1980 نووسراوە و بە ویستی کودەتاچییەکان نووسراوە، هەربۆیە پێویستە بگۆڕدرێت.
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، رۆژی 12ی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەو کات پەکخرا و دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی سەربازی راگەیێندرا.
دەسەڵاتی سەربازی بە سەرۆکایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکی نووسییەوە و رۆژی 7-1-1982 لە گشتپرسییەکدا خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردنەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیاندا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"ـی بە دەستوورەکە دا.