تورکیا هێزێکی کۆماندۆ رەوانەی کۆسۆڤۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

دوای گرژی ئاڵۆزییەکانی ئەمدواییە لە کۆسۆڤۆ، تورکیا لەسەر داوای ناتۆ، هێزێكی کۆماندۆ رەوانەی ئەو وڵاتە دەکات. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی شەممە (سێی حوزەیرانی 2023) رایگەیاند، لەسەر داواکاریی فەرماندەیی هێزی هاوبەشی ناتۆ، کەتیبەیەکی کۆماندۆ رەوانەی کۆسۆڤۆ دەکەن.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە "تورکیا لە چوارچێوەی نوێنەرایەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا و OSCE و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەردەوامە لە بەشداریکردن لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی. لەم چوارچێوەیەدا وڵاتەکەمان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی بەڵقان دەکات.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی رووداوەکانی ئەم دواییە لە باکووری کۆسۆڤۆ لە رێگەی دیالۆگەوە. وەزارەتەکە پێیوایە، رووداوەکانی کۆسۆڤۆ "زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیێنن".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەو رووداوانەی لە کۆسۆڤۆ روویاندا، کەتیبەیەکی کۆماندۆی سەر بە فەرماندەیی لیوای 65ـی پیادەمان کە پێشتر بۆ هێزی کۆسۆڤۆی ناتۆ  دەستنیشانکرابوو، لەسەر ئەو داواکارییەی فەرماندەیی هێزی هاوبەش/ناپۆلی (ئیتاڵیا) پێشکەشی کردبوو، وەک یەکەیەکی یەدەگ دەستنیشانکرا".
 
ئاماژە بەوەشدراوە، بڕیارە ئەو یەکەیە لە 4 و 5ـی حوزەیرانی 2023 بگوازرێتەوە بۆ سەربازگەی سوڵتان موراد لە کۆسۆڤۆ.
 
لە نیسانی ساڵی رابردوودا، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆسۆڤۆ بەڕێوەچوو و سڕبییەکانی دانیشتووی وڵاتەکەش بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و داوایان لە کۆسۆڤۆ کرد، کۆمەڵەیەکی سڕبییان بۆ دامەزرێنێت کە سەرپەرشتی کارەکانی دامەزراوە پەروەردەییەکان، دامەزراوە تەندروستییەکان و گەشەپیدانی ئابووری سڕبییەکان بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکاندا کە بەبێ بەشداریی سڕبییەکان بەڕێوەچوو، کەسێکی ئەلبانی وەکو سەرۆکشارەوانیی شارۆچکەی زڤێسچانی کۆسۆڤۆ هەڵبژێردرا و سڕبییەکانیش وەکو ناڕەزایەتییەک، چوونە بەردەم باڵەخانەی شارەوانیی ناوچەکە و نەیانهێشت سەرۆک شارەوانییەکە دەستبەکاربێت.