تورکیا لە وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیدا چوارەمی ئەورووپایە

04-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رووی سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، لە ریزبەندیی چوارەمینی ئەورووپایە. دەشڵێت "تورکیا بووەتە جێی بایەخی وەبەرهێنەرە بیانی و نێودەوڵەتییەکان."
 
ئەمڕۆ (شەممە 4ـی ئایاری 2024) بوراک داغڵیئۆغڵو، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی تورکیا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامە سەرەتاییەکانی راپۆرتی کۆمپانیای وردبینی و راوێژکاری EY کرد، تایبەت بەو وڵاتانەی ئەورووپا کە سەرنجی زۆرترین وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتییان لە 2023ـدا راکێشاوە. 
 
داغڵیئۆغڵو رایگەیاند، لە ئەورووپا بۆ یەکەمجار دوای پەتای کۆرۆنا و بەراورد بە 2022، دابەزین لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتیی روویداوە. لە پشت ئەو داکشانەشەوە کەمیی گەشەی ئابووریی، بەرزیی رێژەی هەڵاوسان، بەرزیی نرخی سووتەمەنی و مەترسییەکانی جیۆپۆڵەتیک هەن.
 
بوراک داغڵیئۆغڵو، باسی لەوەش کرد، پار لە ئەورووپا پێنج هەزار و 694 پرۆژەی وەبەرهێنان راگەیێندراون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە پێرار بە رێژەی 4٪ دابەزیوە. هاوکات ئەورووپا بەم ژمارەی پرۆژەکانەوە لە خوار ئاستی 11٪ـی ساڵی 2011 کە کەمترین رێژە بووە و 14٪ـی ساڵی 2017 کە لە لووتکەدا بووە، ماوەتەوە. 
 
گوتیشی "لە کاتێکدا پرۆژەکانی وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتیی لە کەرتی خزمەتگوزاریدا بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیون. داکشان لە کەرتی بەرهەمهێناندا بە رێژەی 1٪ سنووردار ماوە." 
 
تیشکی خستە دۆخی فەرەنسا کە سەرەڕای ئەوەی پار زۆرترین پرۆژەی راکێشاوە، بەڵام بەراورد بە پێرار بە رێژەی 5٪ دابەزیوە. بەریتانیا لە ریزبەندی دووەمدا ژمارەی پرۆژەی ساڵانەی بە رێژەی 6٪ زیادیکردووە. ئەڵمانیا کە شوێنی خۆی لە ریزبەندی سێیەمدا گرتووە، ژمارەی پرۆژەی لەسەر ئاستی ساڵ بە رێژەی 12٪ دابەزیوە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنان، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تورکیا کرد و رایگەیاند، لە دوای پەتای کۆرۆنا، لەنێو ئەو وڵاتانەی ئەورووپادا زۆرترین وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتی راکێشاوە و پار لە گەشەسەندن و بەرزبوونەوەی بەردەوام بووە.
 
هەروەها گوتی "تورکیا لە ساڵی 2000ـدا حەوتەمی ئەوروپا بوو. لە ساڵی 2022ـدا خۆی گەیاندە ریزبەندیی پێنجەم. لە ساڵی 2023ـشدا بە 375 پرۆژەی وەبەرهێنانی راستەوخۆی نێودەوڵەتی خۆی گەیاندە ریزبەندیی چوارەم. بەراورد بە پێرار، بە رێژەی 17٪ بەرزبووەوە و لە خێرا بەرزبوونەوەی سەرنجی پرۆژە وەبەرهێنانەکانیشدا یەکەمی ئەورووپا بووە. لە کاتێکدا لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بەتایبەتی لە ژمارەی پرۆژەکانی بەرهەمهێناندا بە تێکڕا دابەزینی پێوە دیارە."
 
بوراک داغڵیئۆغڵو، جەختیکردەوە تورکیا شوێنێکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنانە لەسەر ئاستی جیهان و، ئەوەش ئەزموونێکی وەبەرهێنانی ئاست بەرز پێشکێش بە وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەکات و رایگەیاند "تورکیا بە پێگەی ستراتیژیی و ژینگە بەهێزەکەی وەبەرهێنانی، بووەتە شوێنێکی جێ بایەخی وەبەرهێنەران. بەو وەبەرهێنانە راستەوخۆ نێودەوڵەتییەی لە ساڵی 2023دا بەبڕی 10.6 ملیار دۆلار رامانکێشا، بەرجەستەترین نیشانەی ئەم سەرکەوتنەیە. سەرەڕای ئەوەی لە سەرانسەری ئەورووپادا مەیلی وەبەرهێنان رووی لە خاوبوونەوە کردووە. تورکیا بە بەهێزکردنی ژێرخانی و هەمەجۆرکردنی ئابوورییەکەی، بووەتە ناوەندێکی راکێشانی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتیی. بەوەی کە پێش ئیسپانیا کەوتین و لە دوای فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە ریزبەندی چوارەمداین."
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە