شارەوانییەکی جەهەپە کرێی مارەبڕینی بۆ کۆچبەران 25 هێندە گران کرد

04-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیارێکی سەرۆک شارەوانییەکی جەهەپە، کرێی مارەبڕین کە 400 لیرەیە، بۆ کۆچبەران 25 هێندە گران کرا و گەیاندییە 10 هەزار لیرە. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان، شارەوانییەکان هاوژینان لەیەکدی مارە دەکەن. ساڵانە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان بڕی تێچووی مارەبڕینەکە دیاری دەکەن و داهاتەکەیشی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. 
 
ئەمڕۆ (شەممە، 4ـی ئایاری 2024) بورجو کۆکسال، سەرۆکی شارەوانیی جەهەپەی شاری ئافیۆن لە تورکیا، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رایگەیاندبوو، جگە لە دەم پارتی دەرگای شارەوانییەکەی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کراوە دەبێت، نوێترین بڕیاری شارەوانییەکەی لە هەژماری تۆڕی ئێکس ـی شارەوانییەکە بڵاوکردەوە. 
 
یەکێک لە بڕیارەکان، پەیوەندیی بە کرێی مارەبڕینی هاووڵاتییان هەبوو. 
 
کرێی ئەمساڵی مارەبڕینی هاووڵاتییان، 400 لیرە (نزیکەی 16 هەزار و 250 دینار) دەستنیشانکراوە. بەڵام بۆ کۆچبەران هەمان نرخ نییە، بەڵکو 25 هێندەی بەهاکەی گرانتر کردووە و گەیاندوویەتییە 10 هەزار لیرە (نزیکەی 403 هەزار و 750 دینار). 
 
بورجو کۆکسەل لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی، هەموو ئەو بەڵێنەی لە کارنامەکانماندا رامانگەیاندووە جێبەجێیان دەکەین. شارەوانییەکەمان تەنیا خزمەتی هاووڵاتییانی دەکات. کۆچبەران لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند نابن، بەپێچەوانەوە ئەرکیان قورستر دەبێت. 
 
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، بورجو کۆکسەل رایگەیاندبوو، کۆچبەران لە شاری ئافیۆن جێیان نابێتەوە و شارەوانییەکە تەنیا خزمەتی هاووڵاتییانی دەکات و بەگرتنەبەری رێکاری توند، کۆچبەران ناچار دەکات لەم شارە بچنە دەرەوە. "هاتووین بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، نەک کۆچبەران."  
 
یەکەم بڕیاری ئەو سەرۆک شارەوانییەی جەهەپە لە دژی کۆچبەران، لێکردنەوەی سەرجەم تابلۆ عەرەبی و بیانییەکان و داخستنی شوێنکاری کۆچبەرانی سووریاییەکان بوو. ئەوانەی مۆڵەتیشیان هەیە، پێیان راگەیێندرا کە مۆڵەتی کارکردنیان بۆ نوێ ناکرێتەوە. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 10 هەزار و 794 کۆچبەری سووریایی لە شاری ئافیۆن نیشتەجێن. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، بورجو کۆکسال 50.73٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و شارەوانیی شاری ئافیۆنی لە ئاکپارتی سەندەوە. حوسێن جەیلان، بەربژێری ئاکپارتی 31.82٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە