هاوسەرۆکی دەم پارتی: دەبێت ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیو سنوور بوەستێندرێن

04-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، بۆئەوەی پەکەکە کۆنگرە ببەستێت، دەبێت تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوەستێنێت. دەشڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، "دەبێت ژیانی ئازاد و هەلومەرجی کار و چالاکی بۆ بەڕێز ئۆجەلان، بڕەخسێندرێت."
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە 4ی ئاداری 2025 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ژنانی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەوان ئومێدیان بە سەرخستنی پرۆسەکە هەیە، "بۆئەوەی پەکەکە بتوانێت کۆنگرە ببەستێت، پێویستە زەوینەیەکی بێ شەڕ و پێکدادانی بۆ بڕەخسێندرێت. دەبێت بە زوویی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەودیوی سنوور بوەستێندرێن."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی، بە گرنگی دەزانێت رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا خۆی خاوەندارێتیی ئەم پرۆسەیە بکات، "بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا، قسە بەس نییە. کردار و جێبەجێکردن پێویستە، کردار و جێبەجێکردنیش لە بەڕێوەبەرانی دەوڵەت چاوەڕێ دەکرێت، واتە، لە بەڕێز سەرۆککۆمار."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری پێیوایە، بۆئەوەی ئۆجەلان رۆڵی لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە هەبێت، پێویستە "ژیانی ئازاد و هەلومەرجی کاروچالاکیی بۆ بڕەخسێندرێت، هاوکات هەنگاوی یاسایی بۆ پرۆسەکە بنرێت."
 
شاندی ئیمراڵی، رۆژی 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز کرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
 
ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی، "کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
 
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 1ی ئاداری 2025، رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن و جێبەجێی دەکەن و "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە