رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، خەریکە کارەکانی ئەو بازنەیە تەواو دەکەن، کە بە گوتەی ئەو، "سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق دەپارێزێت".
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئاسایی کابینەی حکومەتی تورکیا، کە دوو کاژێر و نیوی خایاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رێکخست.
لە پرسە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پلانی وڵاتەکەی بۆ زۆنی پارێزراو لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هێرشەکانی گەریلاکانی پەکەکە و گوتی: "خەریکە کارەکانی ئەو بازنەیە تەواو دەکەین کە سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق پارێزراو دەکات. پەنا بەخوا هاوینی ئەم ساڵ، کێشەکەمان لەگەڵ سنووری عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر دەکەین."
لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بەدرێژایی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریادا سوورین لە بڕیاری دامەزراندنی زۆنی ئارام بە قوڵایی 30-40کم و کاردەکەین بۆ تەواوکردنی ئەم رێڕەوەش. بەشێکی رێڕەوەکەمان لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوودا جێبەجێکردووە و ئەو بۆشاییانەی ماونەتەوە، بە نانەوەی هەنگاوی نوێ کار بۆ تەواوکردن و پڕکردنەوەیان دەکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەکرد، پێشتر بە هەموو لایەنەکانیان راگەیاندووە کە پێویستە رێز لە پلانی ستراتیژیی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بگرن و بەپێچەوانەوە خۆیان دەبنە سەرچاوە و هۆکاری هەڵکشانی گرژییەکان.
ئەردۆغان گوتی: "ئامادەیی تەواومان هەیە ئەو کەسانە تووشی کابووسی نوێ بکەین، کە پێیانوایە دەتوانن (تیرۆر-ستان) لە سنوورەکانی باشوورمان دابمەزێنن و تورکیا بە چۆکدا بدەن. ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لە پێداگیریی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێنەگەیشتوون، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو راستییانە تێدەگەن و تێیاندەگەیێنین، لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوام دەبین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ