تورکیا
ژنێک بە ئاماژەی دەست داوا دەکات توندوتیژی بەرامبەر نەکرێت. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆڕمی "کوشتنی ژنان دەوەستێنین"، راپۆرتێکی نوێی لەبارەی دۆخی ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، مانگی رابردوو 36 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
راپۆرتەکە رۆژی دووشەممە، 4-3-2024، بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کردووە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 36 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 17 ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەکۆی ئەو 36 ژنە، 17یان بەهۆی ئەوەی ویستوویانە جیاببنەوە و نەیانویستووە لەگەڵ هاوژینەکانیان درێژە بە ژیانی هاوژینی بدەن، کوژراون.
هەروەها دوو ژن بە هۆکاری دارایی کوژراون، ژنێک بەهۆی گەندەڵی، ژنێکیش بەهۆی کێشەی ماددە هۆشبەرەکان، دوو ژن بەهۆی ئەوەی پشتگیرییان لە بڕیاری کچ و خوشکیان کردووە. هەروەها ژنێک بەهۆی داکۆکیکردن لە دایکی کوژراوە، بەڵام هۆکاری کوژرانی 12 ژن نەزانراوە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی 2023ی پلاتفۆرمەکە، پار لە تورکیا 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 248 ژنی دیکەش شێوازی گیانلەدەستدانیان گومانی لەسەرە و تەمومژاوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ