لە ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە نرخی خانووبەرە لە دوبەی گرانتر بووە

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی کۆمپانیای نێودەوڵەتیی راوێژکاریی خانووبەرە، نایت فرانک، نرخی خانووبەرە لە جیهاندا لە ساڵی رابردوودا لە ئەنقەرە زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. 
 
نرخی خانووبەرە لە ئەنقەرە بە رێژەی 102.7٪ بەرزبووەتەوە، لەدوای ئەویش ئیستەنبووڵ دێت بە رێژەی 77.6٪ و دوبەی بە رێژەی 18٪ لە پلەی سێیەمدا دێت.
 
لە توێژینەوەکانی کۆمپانیای نێودەوڵەتیی راوێژکاری خانووبەرە نایت فرانک لە 'پێوەرەکانی شارە نیشتەجێبوونە جیهانییەکان' کە ئەمڕۆ (دووشەممە، چواری ئاداری 2024) بڵاوکراوەتەوە، قەیرانی خانووبەرە خراوەتەڕوو کە بەهۆی هەڵاوسانی بەرز و کەمیی دابینکردن لە شارە گەورەکانی تورکیا، سەریهەڵداوە. 
 
شارەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ ـی تورکیا جێپەنجەی خۆیان لەسەر پێوەرەکانی نرخی خانووبەرەی جیهانی بەجێهێشتووە کە 107 شاری جیهان دەگرێتەوە. 
 
بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ساڵی رابردوو، ئەو شارەی لە جیهاندا زۆرترین نرخی خانووبەرەی تێدا بەرزبووەتەوە، ئەنقەرە بووە بە رێژەی 102.7٪، لە دوای ئەویش ئیستەنبووڵ دێت، کە رێژەی 77٪ـە، لەدوای ئەو شارانەی تورکیا، دوبەی دێت، کە ساڵانێکە شوێنێکی دڵخوازی وەبەرهێنانی خانووبەرەیە و نرخی خانووبەرە تێیدا بە رێژەی 18٪ زیادیکردووە. 
 
گەورەترین هۆکاری بەرزبوونەوەی خێرای نرخی خانووبەرە لە تورکیا، زیادبوونی کڕین بۆ مەبەستی وەبەرهێنانە بەهۆی هەڵاوسانی زۆر و دابیننەکردنی خانووبەرەی پێویستەوە. 
 
لە ئەوروپا بازاڕی خانووبەرە زۆر هاندەر نییە. ستۆکهۆڵم ـی پایتەختی سوێد، ئەو شارە بووە کە نرخی خانووبەرە بە رێژەی 12٪ زۆرترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها نرخی خانووبەرە لە فرانکفۆرت کە گەورەترین ناوەندی دارایی ئەوروپایە، بە رێژەی 10٪ دابەزیوە.
 
لە ئەڵمانیا، لە هامبۆرگ بە رێژەی 7.9٪ ، لە کۆڵن و میونشن بە رێژەی 7.1٪ نرخی خانووبەرە کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لە بەرلینی پایتەختیش بە رێژەی 5.1٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. دابەزینی نرخی خانووبەرە لە پاریس بە رێژەی 6.1٪، لە ئەمستردام بە رێژەی  5.7٪، لە ڤییەنا بە رێژەی 4٪ و لە لەندەن بە رێژەی 1.2٪ تۆمارکراوە. لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا نرخی خانووبەرە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. 
 
ئەو 10 شارەی جیهان کە نرخی خانووبەرە بە زۆرترین رێژەی تێیاندا بەرزبووەتەوە؛
 
ئەنقەرە - 102.7٪
ئیستەنبووڵ - 77.6٪
دوبەی - 18.0٪
زاگریب - 14.0٪
ئەسینا - 12.0٪
ڤیلنیۆس - 11.6٪
وارشۆ - 10.6٪
پێرس - 9.7٪
سۆفیا - 8.8٪
فێلادلفیا - 8.6٪