پێنج لایەنەکەی هاوپەیمانیی میلـلەت لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای کشانەوەی ئیی پارتی لە هاوپەیمانیی میلـلەت، بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەنقەرە کۆببنەوە. 
 
کاژێر 17:00ـی ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئاداری 2023، هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤا، تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت و گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات لە بارەگای سەرەکیی پارتی سەعادەت لە ئەنقەرە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی رێکدەخەن. 
 
رۆژی 2ـی ئاداری 2023، هاوپەیمانیی میلـلەت لە 12مین کۆبوونەوەیدا تاوتوێی بەربژێری هاوبەشی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار کرد. سەرکردەی چوار لە پارتەکان پێشنیازی کەمال کڵچدارئۆغڵویان کرد، بەڵام مەراڵ ئاکشەنەر پێشنیازی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ یان مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەی کرد. بەهۆی کۆکنەبوونی ئاکشەنەر لەگەڵ پێشنیازی لایەنەکانی دیکە، رۆژی هەینی 3ـی ئادار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بڕیاری کشانەوەی لە هاوپەیمانیی میلـلەت راگەیاند. 
 
دوای ئەو پێشهاتە، سەرکردەی پێنج لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی میلـلەت بڕیاری رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی نائاساییان دا، ئەوە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرا، رۆژی 6ـی ئادار هەر شەش لایەنەکەی هاوپەیمانیی میلـلەت لە کۆبوونەوەیەکی ئاشکرادا بەربژێری هاوبەشیان رابگەیێنن. 
 
هاوکات هەر دوێنێ کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکارانی تورکیای کرد کە ئەندامی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییە بە سەرۆکایەتیی هەدەپە. 
 
دواتر کڵچدارئۆغڵو لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکەی کرد و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی 11 گەورە شارەوانییەکەی کۆبووەوە کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوور یاڤاش لەنێویاندایە بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێربوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار. 
 
هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوور یاڤاش پاڵپشتیی خۆیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو راگەیاند. 
 
رۆژی 5ـی ئایاری 2018 بەدەستپێشخەریی جەهەپە، هاوپەیمانیی میلـلەت لەنێوان جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات دامەزرا. رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2023 بە فەرمیی هەریەک لە پارتی ئاییندە و پارتی دێڤا بوونە ئەندامی هاوپەیمانیی میلـلەت. 
 
ئەو هاوپەیمانییە لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان، خاوەن 175 کورسی بوو. بەکشانەوەی ئیی پارتی، ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانی میلـلەت بۆ 138 کورسی کەمبووەوە و کورسییەکانیش بەم جۆرەن: جەهەپە 134 کورسی، پارتی دیموکرات 2 کورسی، پارتی سەعادەت 1 کورسی و پارتی دێڤا 1 کورسییان لە پەرلەمانی تورکیا هەیە.