دەم پارتی بەربژێرەکەی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ رادەگەیێنێت

04-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، 9ـی مانگ بەربژێری سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکەن. 
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، ئایشەگول دۆغان، لە بارەگای سەرەکیی دەم پارتی لە ئەنقەرە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی رێکخست و دوایین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیاری پارتەکەی خستەڕوو. 
 
ئایشەگول دۆغان رایگەیاند، شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار بە هاوسەرۆکایەتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، بۆ ماوەی پێنج کاژێر کۆبوونەوە، بڕیاریاندا پشتیوانی لە بەربژێری هیچ لایەنێک نەکەن و بەربژێری خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەبێت. 
 
گوتیشی: "بڕیارمانداوە بە بەربژێری خۆمانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی و شارەوانی شارۆچکەکانی ئیستەنبووڵ بکەین. رۆژی 9ـی مانگ، ناوی بەربژێرەکان بە ئیستەنبووڵیشەوە دیاری دەکرێن و بۆ رای گشتیی رایدەگەیێنین."
 
لە وەڵامی پرسیاری ئاخۆ باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد دەکرێتە بەربژێری سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ؟ ئایشەگول دۆغان گوتی، "باشاک دەمیرتاش و چەندین بەربژێری دیکەش ناوەکانیان لە رۆژەڤدایە. هەڵسەنگاندن بۆ هەموویان دەکرێت و بە پرس و راوێژ ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە."
 
جەهەپە و دەم پارتی سێ جار لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی و شاندی باڵا کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پاڵپشتیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، بەڵام پێدەچێت جەهەپە بە مەرجەکانی دەم پارتی قایل نەبووبێت. کە بریتین لە راگەیاندنی رێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ رای گشتیی و ئاشکراکردنی سەرجەم مادە و بڕگەکانی. هەروەها داوای سەرۆکایەتیی شارەوانیی سێ شارۆچکەی ئیستەنبووڵ لە جەهەپە دەکەن. 
 
دەم پارتی، تەواوی بەربژێرەکانی لە باکووری کوردستان راگەیاندووە و بڕیارە رۆژی 9ـی شوبات، تەواوی بەربژێرەکانیان لە سەرجەم شارە گەورەکانی تورکیا ئاشکرا بکەن و رۆژی 31ـی ئاداری 2024 رکابەری لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکەن. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە