ئەنجوومەنی دادوەریی تورکیا: لە تورکیا 141 پارتی سیاسیی هەن

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی تورکیا، ئاماری 2024ـی تایبەت بە پارتە سیاسییەکانی تورکیا و ژمارەی ئەندامەکانیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 141 پارتی سیاسی چالاک هەن و ئاکپارتی زیاتر لە 11 ملیۆن ئەندامی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی تورکیا ئاماری ساڵی نوێی تایبەت بە پارتە سیاسییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرانسەری تورکیادا 141 پارتی سیاسی چالاک هەن. وەک نەریتێکی باو، لە هەفتەی یەکەمی هەموو ساڵێکی نوێدا، ئەنجوومەنەکە ئەم ئامارانە بڵاو دەکاتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی پارتە سیاسییەکان، ئەنجوومەنەکە رایگەیاند، پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی خاوەنی 11 ملیۆن و 41 هەزار و 464 ئەندامە. جەهەپە لە ریزبەندی دووەم دێت بە 1 ملیۆن و 428 هەزار و 800 ئەندام. ئیی پارتی وەک سێیەم گەورەترین پارتی سیاسیی لە رووی ئەندامەوە خاوەنی 508 هەزار و 578 ئەندامە. لە ریزبەندی چوارەمدا مەهەپە بە 486 هەزار و 896 ئەندام و لە ریزبەندی پێنجەمدا پارتی دیموکرات بە 342 هەزار و 256 ئەندام دێت.
دەم پارتی تەنیا خاوەن 10 هەزار و 353 ئەندامە و هەدەپە کە پرۆسەی دادگەییکردن لەلایەن دادگەی دەستووری تورکیا بەردەوامە و ئەگەری داخستنی هەیە خاوەنی 19 هەزار و 855 ئەندامە، لە ئەگەری داخستنیدا سەرجەم ئەندامەکانی پەیوەندیی بە دەم پارتییەوە دەکەن.
ژمارەی ئەندامانی بەشێک لە پارتە سیاسییە چالاکەکانی تورکیا بەمشێوەیەیە:
پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی: 365 هەزار و 767 ئەندام
پارتی سەعادەت: 243 هەزار و 312 ئەندام
پارتی دێڤا: 146 هەزار و 820 ئەندام
پارتی یەکبوونی مەزن: 112 هەزار و 277 ئەندام
پارتی ئایندە: 70 هەزار و 451 ئەندام
پارتی مەملەکەت: 66 هەزار و 738 ئەندام
پارتی زەفەر: 43 هەزار و 515 ئەندام
پارتی کرێکاری تورکیا: 43 هەزار و 206 ئەندام
پارتی دیموکراتی چەپ: 25 هەزار و 570 ئەندام
پارتی نیشتمانی دایک: 24 هەزار و 240 ئەندام
پارتی وەتەن: 13 هەزار و 955 ئەندام
هوداپار: 13 هەزار و 741 ئەندام
پارتی کۆمۆنیستی تورکیا: 7846 ئەندام