داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە 9 پەرلەمانتاری تورکیا دەکرێت

04-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، نۆ دۆسیەی تاوان لە دژی چوار پەرلەمانتاری دەم پارتی، چوار پەرلەمانتاری جەهەپە و پەرلەمانتارێکی پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ چوار دۆسیەی تاوان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی بۆ هەریەک لە سالیحە ئایدەنیز، بورجوگول چوبوک، سری ساکیک و کەزیبان کۆنوکجو هاتووە. چوار دۆسیەکەی دیکە کە بۆ پەرلەمانتارانی جەهەپە هاتووە، هەریەک لە مەحموود تاناڵ، گۆکچە گۆکچەن، ئایهان باروت و مەلیح مەریچ دەگرێتەوە. دۆسیەی نۆیەمیش لە دژی سالیحە سێرا کادیگیل تۆمارکراوە. 
 
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28ـەمین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 743 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێشکراوە، کە 516یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتی تۆمارکراون.
 
هەر لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتیدا، لە کۆی 516 دۆسیەی تاوان 98 دۆسیە لە دژی سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین تۆمارکراون.
 
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسەندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە 27ـەمین خولی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و لێسەندنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون. لەم ژمارەیەدا 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکراون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە