سەرۆکی جەهەپە: تێڕوانینی ئێمە و دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی لەیەکدی نزیکە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە باسی لە ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ دەم پارتی کرد و جەختیکردەوە تێڕوانینیان لە بەربژێرکردندا لە یەکدی نزیکە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە 31-3-2024 لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت، پارتەکان کەوتوونەتە خۆیان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێر لە شارەکاندا. هاوکات هەوڵی بەشێک لە پارتەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی هەر بەردەوامە. 
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە دیمانەیەکدا کە رۆژی پێنجشەممە 4-1-2024 بڵاوکرایەوە، سەبارەت بە نزیکبوونەوە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی گوتی، "سیاسەتی سازان لەسەر ئاستی شارەکان کە دەم پارتی پەیڕەوی دەکات، دەگونجێت لەگەڵ تێڕوانینی جەهەپە بۆ دانانی بەربژێری شارەکان، بەتایبەتی کە دەم پارتی لە شارەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، مێرسین و ئەدەنە یەکلاییکەرەوەیە".
 
جەهەپە هەوڵی بەدیهێنانی مەرجەکانی دەم پارتی دەدات
 
سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەروەها باسی لە سەردان و دیدارەکانی لەگەڵ دەم پارتی کرد و گوتی، "لە سەردانەکەدا لەگەڵ دەم پارتی باسمان لە هەموو شتێک کرد. لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتی دەستەواژەی 'سازان لە شارەکان' هەیە. چەند مەرجێکیان بۆ ئەو بەربژێرە هەیە کە لەو شارانە دەستنیشاندەکرێت. بۆ نموونە تاوانی دژ بەو شارە ناکات و ژینگەکەی دەپارێزێت و سروشتەکەی تێکنادات و گەندەڵی ناکات. ئێمەش ئێستا لە هەوڵی دیاریکردنی ئەو بەربژێرەین کە بتوانێت سازانی شارەکان بهینێتەدی. جا ئەم دوو تێڕوانینەی ئێمە لەگەڵ یەکدی گونجاون".
 
سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەربژێر و کشانەوەی پارتێک بۆ ئەوەی دیکە، ئۆزگور ئۆزەل رایگەیاند، "ئێمە باسمان لە کشانەوەی ئەوان نەکرد و ئەوانیش باسێکی وەهایان نەکردەوە. ئەوان پێناسەی سازانی شارەکان دەکەن. منیش بەدوای ئەو سەرۆکشارەوانییانەدا دەگەڕێم کە لە توانایاندا هەیە سازانەکە دروست بکەن. ئەمەم بە ئەوانیش گوت، واتا دەکرێت و رێگەی تێدەچێت تێڕوانینی دوو پارتی سیاسی لە یەکدی نزیک بێت کە ئەمە شتێکی باشە. بەتایبەتی ئەگەر سازان لەسەر ئەو بەربژێرە بکرێت کە پارتی گەلی کۆماری دەستنیشانی دەکات، ئەوە جێی دڵخۆشیی ئێمەیە".
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەدەچێت.
 
 لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33٪ و جەهەپە 30.12٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا. بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەم پارتی بڕیاریداوە هیچ رێککەوتنێکی شاراوە و ناشەفاف نەکات، ئەگەر هاوپەیمانی بکرێت، دەبێت لەسەر کاغەز بێت.