ئاکپارتی هەفتەی داهاتوو ناوی بەشێک لە بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە ناوی بەربژێرانیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە گەورەشارەوانییەکان ئاشکرا دەکەن.
 
ئاکپارتی، تاوەکو ئێستا بەربژێری بۆ گەورەشارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر رانەگەیاندووە، بڕیاریداوە رۆژی 7ـی ئەم مانگە بەربژێرانی خۆی رابگەیەنێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا جموجۆڵ و گەرموگوڕیی زیاتر لە پارتە سیاسییەکانەوە دەبینرێت، بەڵام ئەوەی بووەتە جێی هەڵوەستە و تێڕامان، بەشی زۆری پارتەکان تاوەکو ئێستا بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانییەکان ئاشکرا نەکردووە. 
 
عومەر چەلیک، گوتەبیژی ئاکپارتی رۆژی چوارشەممە (3-1-2023) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەم یەکشەممەیە لە هۆڵی خەلیجی ئیستەنبووڵ، ناوی بەشێکی زۆر لە بەربژێرانمان رادەگەیەنین. هەروەها 15ـی مانگ تەواوی بەربژێرەکانمان و راگەیێنراوی هەڵبژاردنمان بڵاودەکەینەوە."
 
گوتەبێژی ئاکپارتی هەروەها جەختیکردەوە لەوەی ئەم یەکشەممەیە بەربژێری بەشێک لە گەورەشارەکان رادەگەیێنن. 
 
لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33٪ و جەهەپە 30.12٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد، کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کرشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا. 
 
ئەمجارە ئیی پارتی لە جەهەپە جیابووەتەوە و پێداگرە لەسەر ئەوەی بەتەنیا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات. هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکیانهێناوە، هیچ گۆڕانکارییەکی لێ نابینرێت و بەردەوامە. هاوسەرۆکانی  دەم پارتی، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو هۆشدارییان داوەتە بلۆکی ئۆپۆزسیۆن لەوەی؛ ئەگەر هاوپەیمانییەکی فەرمی نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ئەو پشتیوانییەی لە رابردوو پێشکێشیان کرد، دووبارەی ناکەنەوە و بە بەربژێری خۆیانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەبچێت.