ئیبراهیم کاڵن: ئەردۆغان قسە لەگەڵ پووتین و زیلینسکی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆ لەگەڵ هەریەک لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکات.
 
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 3-1-2023 بەشداریی لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیی کرد و باسی لە رۆژەڤی نێوخۆیی و دەرەوەی تورکیای کرد. کاڵن سەربارەت بە شەڕی ئۆکراینا و رووسیا رایگەیاند، تورکیا تاکە وڵاتە وەکو نێوەندگیر بەرپرسانی هەردوولای لەسەر مێزێک کۆکردووەتەوە و بەردەوامە لە هەوڵەکانی. 
 
هەروەها گوتی: "سەرۆککۆمار پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پووتین دەبێت. دواتریش پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ زیلینسکی دەبێت. ئێمە پەیوەندیی بەردەوامی دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەردوولادا هەیە و بەردەوامە. هەروەها وەزیرانی پەیوەندیدارمان؛ وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، سەرۆکی هەواڵگریمان و ئێمەش بەردەوام لەگەڵ هاوتاکانمان لە هەردوولا پەیوەندیمان هەیە." 
 
لەبارەی ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییەی نێوان رووسیا، تورکیا و سووریا کە رۆژی 28-12-2022 لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، کاڵن گوتی: "بێگومان ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو و بەردەوام دەبێت. ئێمە هەر لە سەرەتاوە گوتمان کە ئەو قەیرانە نەگاتە شەڕ و پێکدادان، بەڵکو لەڕێی دانوستاندنەوە و لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چارەسەر دەکرێت. بەڵام رژێم پێداگریی کرد و بە بیانووی جۆراوجۆر پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری تووشی هەرەس کرد، هەروەها کۆبوونەوەکانی ئاستانای پەکخست." 
 
ئیبراهیم کاڵن لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بەشار ئەسەد وەڵامی پرسیارێکی دایەوە و رایگەیاند "هێشتا زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر دیدارێکی وەها بکرێت، تائێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەو کۆبوونەوەیە لە ئارادا نییە. دوای کۆبوونەوەکانمان لە ئاستی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. لە چەند مانگی داهاتوودا کۆبوونەوە و دیداری نوێ سازدەکرێن." 
 
تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا. کاڵن لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند: "بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکانی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە و گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە زەمینەسازییەک لەلایەن سووریاوە بکرێت. لەم بابەتەدا لەسەرمانە لەگەڵ هێزەکانی رژێم، رووسیا و ئێران لە هاوئاهەنگیدابین و بەیەکەوە هەنگاو بنێین." 
 
لەگەڵ کۆبوونەوەکانی شام و ئەنقەرە باس لەوە دەکرێت کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەوانەیە پشتگیریی تورکیا لەدەست بدەن و تەنیا بمێننەوە. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا پشتگیریی لەو گرووپانە دەکات، بەتایبەتی بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەکاریهێناون. کاڵن لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە لە سەرەتاوە پشتگیریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریامان کردووە و بەردەوامدەبین لە پشتیوانیکردنیان. کاتێک دەڵێین ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێویستە لەبیرمان بێت کە باس لەو ئەکتەرانە دەکەین بەشێکن لە خەڵکی ئەو وڵاتە و رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە داهاتووی سووریادا هەیە. نابێت لەمەوە هیچ مانایەکی نەرینی هەڵبگۆزرێت." 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کۆبوونەوەی سێقۆڵیی رووسیا، سووریا و تورکیای بە هەنگاوێکی "مەزن" وەسفکرد و رایگەیاند: ئاماژەی ئەرێنی لەو دیدارە بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە دوای 11 ساڵ توانرا کۆبوونەوە لەبارەی بابەتێکی وەها بکرێت. 
 
رۆژی 28-12-2022، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بە سەردانێك گەیشتنە مۆسکۆ و لەگەڵ سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا و بەرپرسانی هەواڵگریی رووسیا و سووریا کۆبوونەوە. ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییە کە نزیکەی دوو کاژێری خایاند، دوای تیپەڕبوونی 11 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سووریا، بە یەکەمین دیداری باڵای فەرمیی ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق دادەنرێت.