پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەکی بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ پێکهێنا

04-01-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر پێشنیازی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا؛ ئاکپارتی، جەهەپە، هەدەپە، ئیی پارتی و مەهەپە، بۆ رێگریکردن و گرتنەبەری رێکاری پێویست دژی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لیژنەیەک پێکهێنرا. 
 
لە ماوەی رابردوودا و وەکو کاردانەوەیەک لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا بە جیا پێشنیازیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو. لە ئەنجامی ئەوە رۆژی سێشەممە 4-1-2023 لیژنەیەکی هاوبەش بۆ رێگریکردن و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست پێکهێنرا. 
 
مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە: "لیژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دژی دەستدریژیکردنە سەر منداڵ بە هەموو رەهەندەکانیەوە، لە پەرلەماندا بە بەشداریی هەموو پارتەکان پێکهات." 
 
سەرۆکی پەرلەمان هیوای هەنگاوی باشی بۆ ئەو لیژنەیە خواست و رایگەیاند، بونیاتنانی جیهانیکی پڕ لە ئارامی و ئاسایش ئەرک و بەرپرسیارێتیی هەمووانە. 
 
ئەم کاردانەوانە زیاتر لەوکاتەوە زیادبوون کە هەواڵی مارەکردنی کچێکی تەمەن شەش ساڵان لە تورکیا بڵاوکرایەوە. ئەو منداڵە دوای چەندین ساڵ، لە ساڵی 2021 لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و لە دادگەی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی سکاڵای تۆمارکردووە. رووداوەکە رۆژی 3-12-2022 ئاشکرا بوو و کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات. 
  
یوسف زیا گوموشئەل، باوکی کچەکە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی وەقفی هیرانوور کە سەر بە جەماعەتی ئیسماعیل ئاغایە. ساڵی 2002 کاتێك کچەکەی شەش ساڵان بووە، لە موریدێکی خۆی کە تەمەنی 29 ساڵ بووە، مارە کردووە. کچەکە لە تەمەنی 14 ساڵیدا گوازراوەتەوە و لە 17 ساڵی بووەتە دایک و لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە تۆماری فەرمی هاوسەرگیریی بۆ کراوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە